کۆریای باکوور مووشەکێکی نوێی کرووزی تاقیکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆریای باشوور رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ هەینی کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی کرووزی تاقیکردووەتەوە، بەوەش دەبێتە چوارەم جار کۆریای باکوور لە دوو هەفتەدا ئەو جۆرە مووشەکە تاقیبکاتەوە.
رۆژی هەینی، 2ـی شوباتی 2024، سوپای کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکەمان تەقاندنی چەند مووشەکێکی کرووزیان بۆ ناو دەریا لە کەناراوەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە تێبینی کردووە."
هاوێشتنی ئەو مووشەکانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە پیۆنگیانگ ژمارەیەک مووشەکی دیکەی کرووزی بە ئاراستەی دەریای زەرد هاوێشت، کە دەکەوێتە نێوان چین و نیمچەدوورگەی کۆریا.
کۆریای باکوور پێشتر رایگەیاندبوو، نەوەیەکی نوێی مووشەکی کرووزی ستراتیژیی تاقیکردووەتەوە.
پیۆنگیانگ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاقیکردنەوەی چەکەکانی زیادکردووە، لەنێویدا تاقیکردنەوەی "چەکێکی ئەتۆمیی ژێر دەریا" و مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی بالیستی.
مووشەکە کرووزەکان لە بەرزاییەکی کەمتر بەراورد بە بالیستییەکان ئاراستە دەکرێن و دەهاوێژرێن، بۆیە دۆزینەوە و بەرپەرچدانەوەیان زەحمەتترە.
جیاواز لە سەرکردەکانی جیهان، لە گوتاری ساڵی نوێ لە 1-1-2024، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری باڵای کۆریای باکوور بە سوپای وڵاتەکەی راگەیاند: "خۆتان بۆ سڕینەوەی کۆریای باشوور و ئەمریکا ئامادە بکەن". گوتیشی: "ئەگەر دووژمن رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و دنەدان دژی کۆماری میللیی کۆریای دیموکرات هەڵبژێرێت، پێویستە سوپاکەمان گورزێکی کوشندەی لێ بدات و بێ دوودڵی لە رێگەی بەکارهێنانی بەهێزترین توانا و ئامرازەوە بە تەواوی لەنێویان ببات."
کۆریای باکوور لە ساڵی 2006 یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا، لەوکاتەشەوە تاوەکو ئێستا تەنیا یەکجاری دیکە تاقیکردنەوەکەی کردووە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیارنامەی دەرکردووە کە تێیاندا داوای لە کۆریای باکوور کردووە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی بووەستێنێت.
پێچەوانەی مووشەکە بالیستییەکان، تاقیکردنەوەی مووشەکی کرووز لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە پیۆنگیانگ قەدەخە نەکراوە.