رۆژێکی خراپ لە کۆنگرێس و قازانجێکی نایاب لە وۆڵ ستریت بۆ زوکەربێرگ

رووداو دیجیتاڵ 

دوای رۆژێکی خراپ و پڕ رەخنە لە کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ زوکەربێرگ، مێتا رایگەیاند لە چارەکی چوارەمی 2023ـدا قازانجەکانی زیاتر لە 200٪ بەرزبوونەوە و نرخی هەر پشکێکیشی 60 دۆلار لەگەڵیدا بەرزبووەوە.
 
کۆمپانیای مێتا شەوی پێنجشەممە، 1.2.2024 رایگەیاند، لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوودا قازانجەکانی زیاتر لە 200٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 14 ملیار دۆلار. ئەم ئاستەش زیاترە لە پێشبینیی شرۆڤەکارانی وۆڵ ستریت.
 
لەو چارەکەدا، بەراورد بە چارەکی چوارەمی ساڵی 2022، فرۆشی کۆمپانیاکە 25٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 40 ملیار دۆلار.
 
مێتا یەکەمین دابەشکردنی قازانجی پشکەکانیشی بەشێوەی کاش راگەیاند و دەڵێت، لە 26ـی ئاداری ئەم ساڵدا بۆ هەر پشکێک 0.50 دۆلار دەدەنە خاوەن پشکەکان، ئەوەش دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی پشکەکان.
 
مێتا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "دەمانەوێت لەمەودوا قازانجی پشکەکان بەشێوەی کاش لەسەر ئاستی چارەکەکان دابەشبکەین".
 
بەهۆی زیادبوونی قازانجەکانەوە، نرخی پشکەکانی کۆمپانیای مێتا 15٪، یاخود 60 دۆلار بەرزبووەوە و هەر پشکێکی گەیشتە 454 دۆلار.
 
راپۆرتەکەی مێتا رەنگدانەوەی "ساڵی لێهاتووییە" وەک مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیاکە لە مانگی شووباتی ساڵی رابردوودا رایگەیاند.
 
بەم پێیە، لە کۆی ساڵی 2023ـدا و بەراورد بە ساڵی 2022، قازانجی کۆمپانیای مێتا 69٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 39 ملیار دۆلار.
 
لە مانگی یەکی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نرخی هەر پشکێکی مێتا 109٪ بەرزبووەتەوە.
 
زوکەربێرگ دەڵێت: "کۆمەڵگاکانمان گەشە دەکەن و کارەکانمان گەڕاونەتەوە سەر رێڕەوی خۆیان".
 
مێتا دەشڵێت، رێژەی بەکارهێنەرە چالاکەکانی رۆژانەی فەیسبووکیش 6٪ زیادبووە و گەیشتووەتە دوو ملیار و 100 ملیۆن بەکارهێنەر، بەڵام مێتا دەڵێت، چیدیکە ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک بڵاوناکاتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بە گرنگیدانی کۆمپانیاکە بە ئاپەکان.
 
راپۆرتی قازانجە گەورەکەی مێتا رۆژێک دوای چوونی زوکەربێرگ و بەڕێوەبەرانی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رەخنەگرتن لێیان لە کۆنگرێس هات.
 
رۆژی چوارشەممە، 31-01-2024، لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کە بەشێکە لە کۆنگرێسی وڵاتەکە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەچوو. 
 
هەریەک لە مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا کە سەرپەرشتی هەریەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام دەکات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تیک تۆک، سناپچات و ئێکس ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
 
زوکەربێرگی بەڕێوەبەری مێتا لە دانیشتنەکەدا زۆرترین هێرش و پرسیاری ئاڕاستە کرا، کە ئەمە هەشتەمین جارە لە کۆنگرێس گوتەی لێوەردەگیرێت.
 
تێد کروز، سیناتۆری کۆمارییەکان، بە زوکەربێرگی گوت: "بەڕێز زوکەربێرگ، ئایا تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە، و تەماشای ئەو پۆستەی ئینستاگرام بکە و بەکارهێنەران ئاگادار دەکاتەوە کە لەو پۆستەدا ناوەڕۆکێکی دوور لە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەبینیت و دواتریش دەپرسی دەتەوێت ئەو ناوەڕۆکە ببینیت؟"
 
لە وەڵامدا، زوکەربێرگ، ئاوڕی لە خێزانەکان دایەوە و رایگەیاند: "داوای لێبووردن بۆ هەموو شتێک دەکەم و پێموایە ئەوە کارێکی نابەجێیە و، نابێت هیچ کەس رووبەڕووی ئەو جۆرە شتانە ببێتەوە و خێزانەکانیان رووبەڕووی ناخۆشی بکرێنەوە."
 
زوکەربێرگ گوتیشی: "نابێت هیچ کەس بەو شتانەدا تێپەڕێت کە خێزانەکانتان چەشتوویانە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە وەبەرهێنانی زۆر دەکەین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ رابەرایەتیکردنی تۆڕەکان".