رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، بە چەند قۆناخێک وەڵامی ئەو گرووپانە دەدەنەوە کە هێرشیانکردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن. وەڵامەکانیشیان "تووند دەبن و زیانی گەورە بەو گرووپانە دەگەیێنن."
ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێسی ئەمریکا، کە 30 ساڵ لە کۆنگرێس کاریکردووە، دەڵێت وەڵامدانەوەی ئەو گرووپانە بەس نییە، دەبێت ئەمریکا ئێران خۆی بکاتە ئامانج، چونکە "ئێران بەرپرسە لەم رووداوانە نەک گرووپەکان."
دان بەرتن، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، ''من دەڵێم دەبێت ئەمریکا و بەتایبەتیش سەرۆک هەنگاوی زۆر تووند بەرامبەر بەو شەڕانگێزیانەی ئێران بگرنەبەر، هەروەها بەرامبەر بەو گرووپانەش کە پشتیوانییان دەکەن لەسەرانسەری جیهان، کە سەربازانی ئەمریکا دەکوژن، دەڵێن ئێمە لەشەڕدانین، بەڵام سەربازانی ئێمە دەکوژن، بۆیە دەبێت ئەمریکا وەڵامێکی تووندی بۆ ئێران هەبێت، بۆ گرووپەکان نا، بەڵکو بۆ خودی ئێران، چونکە ئێران خوڵقێنەری هەموو ئەو کارانەیە."
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، حیزبوڵڵای عێراقی دەستی لەو هێرشەدا هەبووە، بۆیەش هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگا و سەرکردەکانی ئەو گرووپە یەکێک دەبێت لە بژاردە بەهێزەکان.
لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئەمریکا حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی بۆسەر ئەو گرووپە ئاگادار کردووەتەوە، پرسیارم لە ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد.
ماتیو میلەر گوتی، ''قورسە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە بەبێی ئەوەی قسە لەسەر شوێنی ئەو هێرشە بکەین کە لە داهاتوودا روودەدات، کە من قسە لەسەر هێرشەکانی داهاتوو ناکەم کە ئەمریکا رەنگە ئەنجامیبدات، ئێمە قسەی لەسەر ناکەین و پێشتریش قسەمان لەسەرنەکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بە روونی بە حکومەتی عێراقمان گوتووە، وەک پێش ئێستاش ئاماژەم پێدا، ئێمە دوو دڵنابین لە پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان، پێشتر هەنگاومان لە نێو عێراق بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان ناوە، ئەوەش بەرپرسیارییەتی ئێمەیە کە بیکەین، لەسەر ئەمەش بەردەوام دەبین''.
ئەمریکا چاوی لەوەیە حکومەتی عێراق ئەو گرووپانە بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکات، بە روونیش ئەو داواکارییەیان بە حکومەتی عێراق گەیاندووە.
باربارا لیف، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک تایبەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەوبارەوە بەشێوەی ئۆنلاین قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''ئەمە پرسێکە کە ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی و سەرۆکوەزیران سوودانی و ئەندامانی دیکەی حکومەتەکە باسی دەکەین. سەیرکە، ئەمە دۆخێکە کە ئێران بۆ چەندین ساڵە هەوڵی دروستکردنی داوە، بۆیەش یەکەمین و گرنگترین بەرپرسیارییەتی حکومەتی عێراق کە ئەو بونەوەرانە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئەنجامدانی ئەوەش کارێکی قورسە کە لەهەمان کاتدا، ئەو گرووپانە لە چەندین ساڵی رابردوودا لەلایەن ئێرانەوە خۆراکیان پێدراوە و چەکیان بۆ دابینکراوە. بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی زیاتر ببین، دەمانەوێت هەنگاوی زیاتر ببینین کە رێگری لەو هێرشانە بکەن و ئەنجامدەرانیشی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە.''
ئەمریکا دەڵێت، ئێمە بەدوای شەڕەوەنین و نامانەوێت شەڕی غەززە فراوان ببێت، بەڵام هەر هێزێک هێرشبکاتە سەرمان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە و وەڵامیان دەدەینەوە، ئەو گرووپانەش کە دەڵێن، هێرشەکانمان وەستاندووە، با کردارەکانیان ببینین نەک بە قسە بیبیستین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ