لە نەمسا دوو کەس بە تاوانی تیرۆر سزای بەندکردنی تاهەتایی دەدرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا، چوار کەس تاوانبار کران بە هێرشە تیرۆریستییەکەی تشرینی دووەمی 2020 کە بە یەکێک لە گەورەترین هێرشی تیرۆرستی لەو وڵاتەدا دادەنرێت.
 
دوو لەو تاوانبارانە سزای زیندانیی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندرا. دووانی دیکەشیان هەریەکەیان بە 19 و 20 ساڵ بەندکردن سزادران، ئەمەش لە کاتێکدایە دوو تۆمەتباری دیکە لەو کەیسە بێ تاوان دەرچوون.
 
مانفرێد ئارخباکەر ستۆیگەر، پارێزەری تاوانباران ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوەی ئەمڕۆ سەلمێندرا ئەوەیە کە یاسا سەروەرە. لەگەڵ ئەوەی بریکارەکەم لەسەر پڕوپاگەندە و ئەندامێتیی لە رێکخراوێکی تیرۆرستی تاوانبار کرا، بەڵام بێ تاوان دەرچوو لە تاوانە گەورەکە، کە کوشتن و هاوکاریکردنی کوشتن بوو."
 
یەکێک لەوانەی پیلانی هێرشەکەی داڕشتبوو، بە رەچەڵەک خەڵکی مەسەدۆنیای باکوور بوو، پێشتر بەوە تاوانبار کرابوو کە ویستوویەتی بچێتە ریزەکانی داعش لە سووریا.
 
ئاستریت ڤاگنەر دەڵێت، "هیچ ئاسوودە نیم بە بڕیارەکانی دادگە. گومان لەوەدا نییە سزاکە زۆر قورسە، هەربۆیە ئێمە تانە لە بڕیارەکەی دادگە دەدەین."
 
لە 2ی تشرینی دووەمی 2020دا لە ناوەندی شاری ڤییەنا زنجیرەیەک هێرشی چەکداری کرایە سەر چەند شوێنێکی گشتی، کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی 20ی دیکەش.