چوار پیاوی چینی 30 کیلۆ پرتەقاڵ دەخۆن بۆ ئەوەی پارەی فڕۆکە نەدەن

02-02-2021
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن پرتەقاڵ چین فڕۆکەخانە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە کاتی گەشتکردن بە فڕۆکە کە لە بڕێکی دیاریکراو کاڵا زیاتر بگوازیتەوە، دەبێت پارە بدەیت. چوار پیاوی چینی بۆ ئەوەی ئەو پارەیە نەدەن بە نیو کاژێر 30 کیلۆ پرتەقاڵ دەخۆن.
 
چیرۆکەکە بەم شێوەیە کە پیاوێکی چینی بە ناوی وانگ لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەی سندووقێکی پرتەقاڵ کە نزیکەی 30 کیلۆ دەبێت بە 50 یوان ( 7.74 دۆلار) دەکڕن و دەیانەوێت لە فڕۆکەخانەی شاری کونمینگی ویلایەتی یاننان کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای چین بە مەبەستی کار گەشت بکەن.
 
دوای ئەوەی دەگەنە فڕۆکەخانە ئاگادار دەکرێنەوە کە بۆ هەر کیلۆیەک پرتەقاڵ دەبێت 10 یوانی چینی کە دەکاتە 1.55 دۆلار پارە بدەن کە ئەمەش بۆ 30 کیلۆ پرتەقاڵ دەکاتە 300 یوان (46.44 دۆلار).
 
وانگ و هاوڕێکانی ئەو بڕە پارەیەیان پێ زۆر دەبێت و بڕیار دەدەن لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەن و پارەی گواستنەوەکەی بدەن، پرتەقاڵەکان بخۆن.
 
لەو بارەیەوە وانگ کە بۆ رۆژنامەی گلۆباڵ تایمزی چینی قسەی کردووە، دەڵێت: "ئێمە دانیشتین و هەموو پرتەقاڵەکانمان خوارد کە نزیکەی 20 بۆ 30 خولەکی برد تا هەموو پرتەقاڵەکەمان تەواو کرد."
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە دوای خواردنی پرتەقاڵەکان هەستیان بە برینداربوونی ناو دەمیان کردووە و دەڵێت: "نامانەوێت هەرگیز جارێکی دیکە پرتەقاڵ بخۆین."
 
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە ئەم کرارەی ئەو چوار گەشتیارە لە فڕۆکەخانەکە بووەتە جێی سەرسووڕمانی خەڵک و کاردانەوەی بەدوادا هاتووە.
 
زۆر کەس لە سۆشیالمیدیادا قسەیان لەسەری هەبووە و هەندێک بە گاڵتەوە نووسیویانە: "ئایا نەیاندەتوانی پرتەقاڵەکان بەسەر هەر چوار کەسەکەیاندا دابەش بکەن و لەگەڵ خۆیان بیان بەنە نێو فڕۆکەکە؟"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە