گالەری


رووداو - هەولێر

بەپێی زانیاریی میدیاکانی چین، یەکێک لەو نەخۆشخانە ئیمێرجنسییانەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکراوە تەواوبووە کە نەخۆشخانەی هوشینشان لە ووهان و بڕیارە سبەی 3ی شووباتی 2020 بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان سەردانی بکەن.
 
بە فەرمانی شی جیپینگ، سەرۆکی چین هەزار و 400 کارمەندی تەندروستیی سەر بە سوپا رەوانەکراون بۆ ئەو نەخۆشخانەیە بۆئەوەی لە رۆژی دووشەممە 3-2-2020ەوە دەستبەکاربن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.
 
نەخۆشخانەکە بە بەردەوامی هەزار و 500 کەس تێیدا کاریانکردووە و لەسەر رووبەری 34 هەزار مەتر چوارگۆشە بونیادنراوە، رۆژی 25-1-2020 کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، ئەمڕۆ یەکشەممە 2-2-2020 تەواوبوو و سبەی دووشەممە بە ستافە هەزار و 400 پزیشکییەکەوە دەکرێتەوە.
 
نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ هەمان مەبەست لە 6ی شووبات تەواودەبێت کە زیاتر لە هەزار و 300 قەرەوێڵەیە و ناوی نەخۆشخانەی لیشینشان-ە، بڕیاروایە لە 7ی شووبات بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشەکان سەردانی بکەن.
 
کردنەوەی و دروستکردنی ئەو دوو نەخۆشخانە لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چێن گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 15 هەزار کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون. مردن بەهۆی ڤایرۆسەکە لە دەرەوەی چین تەنیا یەک حاڵەتە و لە فیلیپین تۆمارکراوە.