سەرەڕای برێکزیت، کۆچبەرانی کامپی کالێ سوورن بگەنە بەریتانیا

 
 
رووداو - هەولێر

دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا واینەکردووە کۆچبەرانی کامپی کالێ لە فەرەنسا دەستبەرداری خەونەکانیان ببن، خەونی ئەوان گەیشتنە بە بەریتانیا. ئەو شارەی باکووری فەرەنسا بەمدواییانە لە ترسی پەڕینەوە و خۆدزینەوەی کۆچبەران رێوشوێنی تووندی بۆ گیراوەتەبەر کە نزیکترین خاڵی وڵاتەکەیە لە بەریتانیا.
 
ئێستاش کە برێکزیت بەریتانیای لە یەکێتیی ئەورووپا جیاکردووەتەوە، ئەوە تەنیا جوگرافیای ئەوروپیی گۆڕیوە نەک هی کۆچبەران.
 
کۆچبەرێک دەڵێت، "بۆ ئێمە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئێمە هێشتا لەو دۆزەخەدا دەژیین و هیوامان هەرماوە بگەین بە بەریتانیا، چونکە فەرەنسا ئێمەی ناوێت. ئێمەیش لێرە بێزاربووین". 
 
کامپی کالێ بە یەکێک لە ناوچە ئێجگار ناهەموار و دژوارەکانی کۆچبەران لە ئەورووپا دەناسرێت. رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ پاڵپشتی لە داواکاریی کۆچبەرانی کامپەکە دەکەن. بەتایبەتی لە کاتێکدا ئەوان بە چاوی خۆیان کامپەکە دەبینن لە چ دۆخێکدایە.
 
کلەیر مۆسلی ، ئەندامی رێکخراوی" Care 4 Calais" رایگەیاند، "هەر وەکو دەبینن دۆخی ئێرە زۆر خراپە و هەمیشەیش وابووە. من بەشبەحاڵی خۆم پێموانییە برێکزیت هیچ لە دۆخی ئەوان بگۆڕێت. ئەگەر تۆزێکیش نیگەرانبن، لەبەر ئەوەیە رۆژنامەنووسی زۆر پرسیاری لێکردوون ئاخۆ برێکزیت کاری کردووەتە سەریان. ئەمە تۆزێک دڵەڕاوکێی دروستکردووە".
 
کۆچبەران شەو و رۆژ چاویان کراوەتەوە بۆ ئەوەی بچووکترین دەرفەتیان بۆ هەڵبکەوێت و لەڕێگەی ئاویشەوە بێت بپەڕنەوە بەریتانیا، بەڵام دەرفەتەکانیان لاوازن، پۆلیسی سنوور و دەریایی بەردەوام بە ئاو و وشکانیدا دەسووڕێنەوە.
 
بەشی زۆری ئەم رێوشوێنانەی حکومەتی فەرەنسا لەسەر گوشار و داواکاریی حکومەتی بەریتانیا بووە.