هێرشکارەکەی ئەمریکا بناسە کە 14 کەسی کوشت؛ مەدالیای شەڕی دژی تیرۆری وەرگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
شەمسەدین جەبار، ئەو کەسەی بە ئۆتۆمبێل لە شاری نیوئۆرلینز خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 14 کەسی کوشت؛ هاووڵاتییەکی ئەمریکی بوو، لەنێو سوپای ئەمریکا دا خزمەتی کردووە و پلەی هەبوو، خەڵاتی وەرگرتووە و لەدوای خزمەتی سوپا، بە قۆناخی سەختی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا تێپەڕیوە.
بەرەبەیانی رۆژی 01-01-2025 شەمسەدین جەبار بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری فۆرد ئێف 150 کە بە کرێی گرتبوو، لە شاری نیوئۆرلینز لە گۆڕەپانی فەرەنسی لە شەقامی بۆربۆن خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 14 کەسی کوشت، 30ـی کەسی دیکەشی بریندارکرد. دوای تەقەکردن و رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس، کوژرا. دواتر ئاڵایەکی داعش لە پشتی پیکئەبەکەی دۆزرایەوە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لە نوێترین لێدواندا رایگەیاند، جەبار لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس ئۆتۆمبێلەکەی بەکرێ گرتبوو، ئینجا بەرەو شاری نیوئۆرلینز لە ویلایەتی لویزییانا لێیخوڕیوە و هێرشەکەی کردووە.
کریستۆڤەر رایا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری FBI بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی "ئەندازیارانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب، دوو بۆمبیان لەنێو فلینەدا (تەپەدۆر) دۆزییەوە. ئەمانە تاکە بۆمب بوون کە ئێمە دۆزیومانەتەوە و ئامادەی تەقینەوە بوون. هەردوو بۆمبەکە لە شوێنی خۆیان پووچەڵکرانەوە. تۆماری کامێرای چاودێریمان دەستکەوت، کە نیشانیدەدات جەبار ئەو بۆمبانە لەو شوێنانە دادەنێت."
بەگوێرەی ئێف بی ئای، شەمسەدین جەبار پێش هێرشەکە، چەند ڤیدیۆیەکی لە سەکۆیەکی ئینتەرنێت بڵاوکردبووەوە کە تێیاندا باسی، "پەیوەندیکردن بە داعش" و "کوشتنی ئەندامانی خێزان" دەکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند "لەژێر کاریگەریی داعشدا بووە و، حەزی خۆی بۆ کوشتن دەربڕیوە."
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، جەبار خەڵکی تێکساسە و لەوێ لەدایکبووە، لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2015 لە سوپای ئەمریکا وەکو (پسپۆڕی سەرچاوە مرۆییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری [ئای تی] خزمەتی کردووە. دواتر تاوەکو ساڵی 2020 لە سوپای یەدەگی ئەمریکا بووە.
گوتەبێژێکی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە شوباتی 2009 تاوەکو کانوونی دووەمی 2010، جەبار لەگەڵ سوپای ئەمریکا رەوانەی ئەفغانستان کرا و پلەی "عەریف"ـی پێدراوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ بڵاویکردەوە، شەمسەدین مەدالیای (شەڕی جیهانی دژی تیرۆر)ی لە بەرامبەر خزمەتی لە ئەفغانستان وەرگرتووە.
لە سوپاوە بۆ سێکتەری خانووبەرە
دوای جێهێشتنی سوپا، شەمسەدین لە شاری هیوستن لە تێکساس دەست بە کاری خانووبەرە دەکات و لەگەڵ کۆمپانیای دێلیۆتێ بە پلەی (پسپۆڕی باڵای راوێژکاری) دادەمەزرێت، ساڵانە مووچەکەی 125 هەزار دۆلار بووە.