لە دوورگەیەکی تونس دوو بەلەمی کۆچبەران ژێرئاوکەوتن و 27 کەس گیانیان لەدەستدا

02-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیمی فریاگوزاری تونس رایگەیاند، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 83ـی دیکەش رزگار کران.
 
رۆژی پێنجشەممە، دووی کانوونی دووەمی 2025، تیمی بەرگریی شارستانی تونس رایگەیاند لە نزیک کەناراوەکانی تونس لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەران ژێرئاو کەوت و تیمەکانیان توانیوویانە زۆربەی کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکە رزگار بکەن. 
 
تیمی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی رووداوەکە 27 کۆچبەر خنکاون و لەنێویاندا ژن و منداڵی تێدایە. 
 
تیمە فریاگوزارییەکان رایانگەیاندووە، رووداوەکە لەنزیک کەناراوەکانی زنیجیرە دوورگەکانی قرقنە لە رۆژئاوای توونس روویداوە و کۆچبەرەکان ویستوویانە لەرێگەی ئەو بەلەمەوە و بە قاچاخ خۆیان بگەیێننە ئەورووپا.   
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تونس، تیمە فریاگوزارییەکان و پاسەوانانی دەریایی تونس لە گەڕان بەردەوامن بەو هیوایەی کۆچبەرانی دیکەش بدۆزنەوە. 
 
تونس یەکێکە لە وێستگە گەرمەکانی کۆچبەرانی وڵاتانی باکوور و نێوەڕاستی ئەفریقا کە دوورگەی لامپەدوسای باشووری ئیتاڵیا تەنیا 150 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی تونسەوە دوورە. 
 
لە 20ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، لانیکەم 20 کۆچبەری ئەفریقی لەنزیک کەناراوەکانی شاری سەفاقس لەباشووری رۆژئاوای تونس، گیانیان لەدەستدا دوای ئەوەی بەلەمەکەیان تێکشکا و ژێرئاو کەوت. 
 
بەگوێرەی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی کۆچبەران لە تونس، لەسەرەتایی ساڵی رابردووەوە، نزیکەی 700 کۆچبەر لەنزیک کەناراوەکانی تونس خنکاون یان بێسەروشوێن بوون. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە