باندەکانی تاوانکاری و مادەی هۆشبەر لە مەکسیک ساڵانە 13.8 ملیار دۆلاریان دەستدەکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رێوشوێنی تووندی ئەمنی لە گرتووخانەیەکی مەکسیک گیراوەتەبەر، ئەوەش دوای ئەوەی چەند کاژێرێک پێشتر ژمارەیەک چەکدار بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر گرتووخانەکە لە ویلایەتی چیواوای باکووری وڵاتەکە و شەڕ بۆ ماوەی پێنج کاژێر بەردەوام بوو.
 
کروز پێرێز، بەڕێوەبەری گرتووخانەی سیوداد وارێز دەڵێت، "چەند کەسێک هەڵاتن و چەند کەسێکیش کوژران. کوژراوەکان 10 پاسەوان و چوار بەندکراون. رووبەڕووبوونەوە لەنێو شاریشدا روویدا. سێ تاوانبار کوژران و پێنجیش دەستبەسەر کران."
 
ئامانجێکی سەرەکیی چەکدارەکان یارمەتیدانی ژمارەیەک زیندانی بوو بۆئەوەی هەڵبێن؛ بەشێکی سەرەکیی ئامانجەکەیان پێکا، چونکە 24 کەسیان هەڵاتن.
 
کەسوکاری بەندکراوەکانیش پێش ئەوەی شەڕەکە رووبدات، چووبوونە سەردانی خزم و کەسوکاریان. ماریبێڵ، کەسوکاری بەندکراو دەڵێت، "ئێمە هاتین بۆئەوەی کەمێک لە سەری ساڵی نوێ لێرە بەسەرببەین."
 
گرتووخانەکە جێگەی 3,135  کەسی تێدا دەبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، 3700 بەندکراو لە گرتووخانەکەدان، کە زۆربەیان ئەندامی باندی تاوانکاری و بازرگانیی مادەی هۆشبەرن.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لانیکەم 150 باندی تاوانکاری و بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە مەکسیک هەن، کە دیارترینیان باندی سینالوایە کە لە 50 وڵات ئەندامی هەیە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ساڵی 2006ـەوە لانیکەم 360 هەزار کەس لەنێو مەکسیک و لە شەڕی مادەی هۆشبەردا کوژراون و 80 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.
 
باندەکانی تاوانکاری و مادەی هۆشبەر لە مەکسیک، ساڵانە 13.8 ملیار دۆلاریان لەو بازرگانییەوە دەستدەکەوێت کە 8.5 ملیار دۆلاری تەنیا لەڕێگەی بازرگانیی حەشیشەوەیە.