كوردێك بەسەرهاتی ئاوارەیی لە سێ وڵاتدا دەگێڕێتەوە

02-01-2015
ساڵحێ كەڤربڕی
نیشانەکردن ئاوارەیی
A+ A-

رووداو – ئەڵمائاتا

ئەمڕۆ بەشێكی زۆر لە كوردی قەفقاسیا لە ئەلمائاتای پایتەختی كازاخستان دەژین، زۆربەیان لەو كوردانەن كە لە ساڵی 1937 لە نەخچەوان و ئەرمەنستان، هەروەها لە ساڵی 1944 لە جۆرجیاوە بە فەرمانی ستالین راگوێزراون بۆ ئەم شارە. بەشێكی دیكەش لەو كوردانە 25 ساڵ لەمەوبەر دوای شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان كە بەشەڕی ناگۆڕنۆ قەرەباخ ناسراوە، بە ناچاری زێدی خۆیان جێهێشت و جارێكی دیكە بوونەوە پەنابەر.

سیابەندێ‌ ئیسماعیلێ‌ ئیبراهیم، یەكێكە لەو كوردانەی كە تاوەكو ئێستا سێ‌ جار نەفی كراوە، لە ژیانی 50 ساڵەیدا، بەسەرهاتی لە سێ‌ وڵاتدا هەیە، سەردەمی منداڵی و سەرەتای گەنجێتی لە ئەرمەنستان بووە، چەند ساڵێكیش لە شاری باكۆی ئازەربایجان ژیاوە، لە تەمەنی 20 ساڵیشەوە لە شاری ئالمائاتای پایتەختی كازاخستان دەژیت.

سیابەند لە ساڵی 1964 لە گوندی حەبلكەندی ناوچەی ماسیسی یەریڤان لەدایكبووە. لە بنەماڵەیەكی رەنجبەر گەورە بووە، ژیانی كوێستانەكان قەت لەبیر ناكات و بە وڵاتی خۆی ناویان دەهێنێت.

سیابەند لە شارەكەی خۆی لە ساڵی 1985 ئەنستتیوتی پەروەردە تەواو دەكات. لە ساڵی 1985 – 1987 خزمەتی سەربازی لە سوپای سۆڤیەت تەواو دەكات. دواتر بۆ خوێندن دەچێتە شاری خاركۆڤ، بەڵام ناخوێنێت و لە كارگەیەك كار دەكات. لە ئۆكراینا وانەی فیزیك – كەڵچەر دەڵێتەوە، لەساڵی 1989 دەگەڕێتەوە یەریڤان.

دوای شەڕی نێوان ئازەری و ئەرمەن، سیابەند لەگەڵ خێزانەكەی ناچار دەبن كۆچ بكەن بۆ شاری باكۆ. بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ لە میترۆی باكۆ كار دەكات و لە "قوتابخانەی یەكشەممە" وانەی زمانی ئازەری بە كارمەندانی میترۆكە دەڵێت. سیابەند لە ساڵی 1991 ژیانی هاوسەری لەگەڵ زین محەممەد عەلی شەمۆ پێكدێنێت، خاوەنی چوار منداڵە كە گەورەكەیان تەمەنی 22 ساڵە.

تیپێكی فۆلكلۆری دادەمەزرێنێ

سیابەند دوای ئەوەی لە باكۆ ئاشنایەتی لەگەڵ بلوێرژەن خەلیلێ‌ عەبدی و تەیفورێ‌ مەجید پەیدا دەكات، تیپێكی فۆلكلۆری بە ناوی "روناهی" پێكدێنێ. یەكەم كاری ئەو تیپە پێشكەشكردنی شانۆی "كاوە" بووە كە سیابەند هەر خۆی رۆڵی كاوەی لە شانۆگەرییەكەدا بینیوە. تیپی رۆناهی بەشداری زۆربەی ئەو چالاكیانە دەبوو كە كوردی باكۆ سازیاندەكردن.

دوای ئەوەی شەڕی قەرەباخ دەستپێدەكات، داوا لە سیابەند دەكرێت كە وەكو فەرماندەیەك بەشداری ئەو شەڕە بكات لە دژی ئەرمەنەكان، ئەو واژۆ دەكات كە بچێت بۆ شەڕ، بەڵام دواتر لەگەڵ خێزانەكەی بە نهێنی شاری باكۆ جێدێڵن و روو دەكەنە شاری ئاڵمائاتا. لەوێ‌ سەرقاڵی كاری بازرگانی دەبێت و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت.

ئەندامێكی چالاكی كۆمەڵەی كوردی كازاخستانە ئێستا سیابەند ئەندامێكی چالاكی كۆمەڵەی كوردی كازاخستانە. سەرۆكی كۆمەڵەكە د.كنیازێ‌ ئیبراهیمە. سیابەند لە ساڵی 2009وە سەرۆكایەتی كوردی هەرێمی ئەلمائاتا دەكات لە نێو كۆمەڵەی كوردی كازاخستان.

هەندێك لە كەسوكاری سیابەند ئێستاش لە شاری وانی باكووری كوردستان ماون. هەندێكیشیان دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران نەفی دەكرێن بۆ یەریڤان.  باوكی سیابەند پیاوماقوڵی گوندەكەیان بووە، عەزیزی براشی لە پاڵ دەنگبێژەكانی وەك كەراپەتێ‌ خاچۆ، ئارام تیگران، داودێ‌ خەلۆ، خەلیلێ‌ عەبدال و مەجیدێ‌ سلێمان، لە دەنگبێژە ناسراوەكانی كورد بووە لە قەفقاسیا.

كاتێك سیابەند گوێی لە ناوی ئەو دەنگبێژانە دەبێت، چاوەكانی پڕ دەبن لە فرمێسك و دەڵێت "زۆر بیریان دەكەم، كاتێك ئەوان ساغ بوون، قەدرمان نەزانین، بەڵام كە دەمرن ئەوكات دەزانین ئەوان چەند مرۆڤێكی مەزن بوون".

سیابەند نزیكەی 7 هەزار كیلۆمەتر لە زێدی خۆی دوورە، بەڵام هەمیشە هەست و خەیاڵی لەلای كوردستانە. ئەو بەردەوام بەدیار كەناڵە كوردییەكانەوە دانیشتووە بۆ ئەوەی بزانێت لە ئامەد، كەركووك، كۆبانێ‌ و مهاباد چ دەگوزەرێت. ئەو گوتی "راستە بە جەستە لێرەم، بەڵام بە دڵ و مێشك لە كوردستانم".

سیابەند كەسێكی خۆشەویستە لە نێو كوردی كازاخستان، كوردی ئەوێ‌ زۆر پەسنی دەدەن. رۆژنامەنووس حەسەنێ‌ حاجی سلێمان لەبارەی سیابەندەوە دەڵێت "كەسێكی زۆر نیشتیمانپەروەرە، زۆر پاك و دڵسۆزە و گەلی خۆی خۆشدەوێت، هەروەها زۆر بە پەرۆشە بۆ كلتوور و میوزیكی كوردی".







کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە