رووداو دیجیتاڵ
فینلاند سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ رووسیا داخستووە و بەوە تۆمەتباری دەکات کە پاڵ بە کۆچبەرانەوە دەنێت بۆ نێو خاکەکەی. تۆمەتێک کە رووسیا رەتیدەکاتەوە.
پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکوەزیرانی فینلاند گوتی، "لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هێزەکانی سەر سنوور، حکومەت بڕیاریداوە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانمان لە رۆژهەڵاتی وڵات دابخات".
درێژیی سنووری نێوان فینلاند و رووسیا هەزار و 340 کیلۆمەترە و هەشت دەروازەی سنووری لە نێوانیاندا هەیە. رۆژی 29ی تشرینی دووەم، حکومەتی فینلاند بڕیاری داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا بۆ ماوەی دوو هەفتە دا.
بەگوێرەی پاسەوانانی سنووری فینلاند، لەسەرەتای ئەم مانگەوە، لانیکەم 900 کۆچبەر کە خەڵکی وڵاتانی سووریا، یەمەن، سۆماڵیا، پاکستان، مەغریب و کینیان، لە رووسیاوە چوونەتە فینلانداوە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا باسی لەوە کرد، "هیچ ناکۆکییەکی دیاریکراو نییە و فینلاند لەلایەن هیچ کەس و لایەنێک هەڕەشەی لەسەر نییە. لە ئەمڕۆشەوە ئەو هەنگاوەی گیراوەتەبەر زۆر زیاترە لەو دۆخەی هەیە، چونکە لەسەر سنوورەکانی هیچ هەڕەشەیەک و گرژییەک نییە".
دەسەڵاتدارانی فینلاندی دەڵێن، بڕیاری داخستنی سنوورەکان تاوەکو 13ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. ئەوکات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیاری کردنەوە یان بەردەوامیی داخستنی سنوورەکانیان لەگەڵ رووسیا دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ