کۆشکی سپی: ئەمریکا دەستی لە کوشتنی خەلیفەکەی داعشدا نەبووە


رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک لە کوژرانی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی، خەلیفەکەی داعش بەشدارنەبووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، رێکخراوەکە کوژرانی خەلیفەکەیان لە سووریا راگەیاند. 
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2022، کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لەبارەی هەر دەستوەردانێک لەلایەن ئەمریکاوە کە پەیوەندیی بە کوژرانی قورەشییەوە هەبێت، دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە ئەمە لە ئەنجامی هیچ کارێکی ئەمریکا نەبووە."
 
پێشتر، رۆژی چوارشەممە، جۆ بۆچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی نێوەڕاستی تشرینی یەکەم لە دەرعا لە لایەن سوپای سووریای ئازاد کوژراوە."
 
سێنتکۆم دەشڵێت، "ئەوە گورزێکی دیکەیە بەر داعش کەوتووە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، رێکخراوەکە لە تۆمارێکی دەنگیدا کوژرانی خەلیفەکەی راگەیاند. ئەبو عومەر ئەلموهاجیر، گوتەبێژی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە رێگەی تەلەگرامەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند، ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی، لە شەڕدا کوژراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا مانگی ئایاری ئەمساڵ راگەیاندبوو، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە گومان دەکرێت خەلیفەکەی داعش بێت. 
 
گوتەبێژەکەی داعش، کە خەڵکی عێراقە، وردەکاریی لەبارەی کات و شوێنی کوژرانی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی نەخستووەتەڕوو، بەڵام گوتی "لە شەڕێکی دژی دوژمنانی خوا" کوژراوە. 
 
لەدوای راگەیاندنی کوژرانی خەلیفەکەیان، ئەبو حوسەین ئەلحوسەینی ئەلقورەشی بە خەلیفەی نوێی داعش هەڵبژێردرا. 
 
کوژرانی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی کەمتر لە ساڵێک دوای دەستنیشانکردنی بە خەلیفەی داعش دێت، کە مانگی ئاداری ئەمساڵ شوێنی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەشی گرتەوە، دوای ئەوەی لە 3ی شوباتی ئەمساڵ لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ هێزی ئەمریکا لە سووریا کوژرا. 
 
لەو بارەیەوە، کۆشکی سپی دەڵێت، گوشارەکانیان لە دژی داعش بەردەوام دەبن و دەڵێت: "ئەمریکا پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە جیهانییەکانی داعش و ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کە هەمان ئامانجیان هەیە."