بەلجیکا دەست بە دادگاییکردنی گومانلێکراوانی تەقینەوەکانی ساڵی 2016 دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەیەکی شاری برۆکسل، گەورەترین دۆسیەی تاوانکاریی مێژووی ئەو وڵاتە دەکرێتەوە و شانەیەکی هاوسۆزانی داعش رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. تۆمەتی سەر ئەو کەسانە "تیرۆر" و تێکدانی ئارامیی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و یەکێتیی ئەوروپایە.
10 کەس، کە دەگوترێت یارمەتیی تەقینەوە خۆکوژییەکانی ساڵی 2016ی میترۆ و فڕۆکەخانەی برۆکسلیان داوە، لەو دادگەیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
تۆمەتباری سەرەکیی سەرپەرشتیکردنی تەقینەوەکان، هاووڵاتیێکی فەرەنسییە بە ناوی عەبدولسەلام سەڵاح، تەمەنی 33 ساڵە، ئەندازیاری میکانیکە و بە رەچەلەک مەغریبییە و لە بەلجیکا لە دایکبووە.
عەبدولسەلام لە هەموو ئەوروپا بەدناوە، پێشتر لە فەرەنسا سزای بەندکردنی تاهەتایی بۆ دەرکراوە، بە تاوانی یارمەتیدانی تەقینەوەکانی 13ـی تشرینی دووەمی پاریس کە 150 کەس تێیدا کوژران.
لە نێو هەزار دادوەردا، دادگەکە 12 دادوەر هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی دادگاییکردنەکە بەڕێوەببەن، هەروەها 24ی دیکە دەستنیشاندەکرێن بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بوو، شوێنی دادوەرەکان بگرنەوە.
سێباستیان کۆرتۆی، پارێزەری یەکێک لە تۆمەتبارانە، دەڵێت، "ئێمە رووبەڕووی ئەگەری ئامادەنەبوونی دادوەرەکان دەبینەوە. رەنگە یەکێکیان بڵێت من ناتوانم ئەم کارە بکەم، چونکە نەخۆشم، یان کارم هەیە، یان منداڵێکی بچووکم هەیە پێویستە چاودێریی بکەم."
9 لە تۆمەتبارەکانی تەقینەوەکانی برۆکسل لەم دادگەیە ئامادە دەبن، دەیەمیان کە ناوی ئوسامە عەتارە، بەبێ ئامادەبوون دادگایی دەکرێت، چونکە دەگوترێت لە سووریا کوژراوە.
بەلجیکییەکان چاویان لەوەیە، سزادانی تۆمەتبارەکان ببێتە کۆتایی چیرۆکێکی تراژیدیی وڵاتەکەیان.