سەرۆکی ئەمریکا چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 5-11-2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان رکابەرایەتی لەسەر کورسیی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپی دەکەن.
کێ دەتوانێت خۆی بەربژێر بکات؟
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، چەند مەرجێکی سەرەکی هەن بۆ ئەو کەسەی کە دەیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات. دەبێت کەسەکە لە ئەمریکا لەدایک بووبێت، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکی بێت، تەمەنی لانیکەم 35 ساڵ بێت و بۆ ماوەی لانیکەم 14 ساڵ لە ئەمریکا ژیابێت.
هەروەها بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، ئەو کەسەی کە خۆی بەربژێر دەکات، نابێت لە هیچ تاوانێک تێوەگلابێت.
بەربژێر چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
کۆکەس و هەڵبژاردنی بەرایی پارتەکان بە هەنگاوی گرنگ لە پڕۆسەی هەڵبژاردی سەرۆکی ئەمریکا دادەندرێن و لە رێگەیانەوە پارتەکان کەسێک وەکو نوێنەر لە هەر ویلایەتێک دەستنیشان دەکەن بۆ ئەوەی لە کۆنگرەی پارتەکە دەنگ بە بەربژێرێک بدات.
لە هەڵبژاردنی بەراییدا، ئەندامانی هەریەکە لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لە پڕۆسەیەکی دەنگدانی فەرمیدا، لە هەموو ویلایەتەکان دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەریان.
هەروەها کۆکەس، کە بەمانای کۆبوونەوەی نێوخۆیی پارتەکان دێت، بریتییە لە کۆبوونەوەی ئەندامانی پارتەکان، کە لەنێو خۆیاندا دەنگ بە کەسێک دەدەن و وەکو نوێنەری خۆیان هەڵیدەبژێرن.
دوای ئەوەی کە کۆکەس و هەڵبژاردنی بەرایی پارتەکان کرا، پارتەکان کۆنگرەیەکی نیشتیمانیی دەبەستن و تێیدا بە فەرمیی کەسێک وەکو بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڵدەبژێرن.
ئەو کەسانەی کە لە کۆنگرەکەدا دەنگ دەدەن، ئەو کەسانەن لە کۆکەس و هەڵبژاردنی بەرایی پارتەکان لە ویلایەتەکان هەڵبژێردراون.
کۆنگرەی پارتەکان لە هاوینی پێش هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و کۆتایی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات و تاوەکو سەرەتای مانگی تەممووزی بەردەوام دەبێت.
لە هەڵبژاردنی گشتی چی روودەدات؟
دوای کۆنگرەی نیشتیمانیی پارتەکان، هەڵمەتی بانگەشە گەرموگوڕتر دەبێت و تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.
دواتر دوو بەربژێرە براوەکەی کۆماری و دیموکراتەکان، لە هەڵبژاردنی گشتی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی ئەوانەی کە ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمار کردووە، دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.
کۆمەڵە (کۆلێژ)ی هەڵبژاردن چییە؟
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەو کەسە نابێت کە زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی ئەمریکا بەدەست دەهێنێت، بەڵام لەلایەن کۆمەڵەی هەڵبژاردنەوە سەرۆکی ئەمریکا دەنگی پێدەدرێت.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا پرۆسەیەک هەیە پێی دەگوترێت "کۆلێژی هەڵبژاردن"، یاخود کۆمەڵەی هەڵبژاردن. لەنێو ئەم پرۆسەیەدا 538 کەس لە لایەن خەڵکەوە و لە سەرجەم ویلایەتەکاندا هەڵدەبژێردرێن کە ئەگەر بەربژێرێک دەنگی زۆرینەیان بباتەوە، سەرۆکایەتی بردووەتەوە.
بەو 538 کەسە دەگوترێت "هەڵبژێرەر" و رێژەی هەبوونیان لە هەر ویلایەتێک بەپێی ژمارەی نوێنەرەکانی ئەو ویلایەتەیە لە کۆنگرێسی ئەمریکا.
پارتە سیاسییەکان نوێنەر و چالاکوانی خۆیان دەستنیشان دەکەن بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی کۆمەڵەی هەڵبژاردن.
ئەمریکا 50 ویلایەتی هەیە. کۆی گشتیی ئەندامەکانیان دەکاتە 538 ئەندام. هەر بەربژێرێک بتوانێت 270 ئەندام یان زیاتر بباتەوە، دەبێتە سەرۆک. بۆ نموونە کالیفۆرنیا 54 ئەندامی لەسەرە. گریمان ترەمپ 14 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا و هاریس 14 ملیۆن و یەک دەنگی بەدەستهێنا. ئەو کاتە هاریس هەر 54 ئەندامەکە دەباتەوە.
بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکاش یەکلایی بکرێتەوە، دەبێت لانیکەم دەنگی 270 ئەندامی کۆمەڵەی هەڵبژاردن بەدەستبهێنێت.
کۆمەڵەی هەڵبژاردن لە مانگی کانوونی دووەم کۆدەبێتەوە و بە فەرمیی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەدات.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بە دەنگی کۆمەڵەی هەڵبژاردن یەکلایی کرایەوە، رۆژی 20ـی کانوونی دووەم، لە رێوڕەسمێکی سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات دەستبەکار دەبێت.