ئۆکراینا بۆ رۆژئاوا: رێگەمان بدەن مووشەکی دوورمەودا دژی رووسیا بەکاربهێنین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات، رێگە بە وڵاتەکەی بدەن مووشەکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنێت.
ئەندرێ سیبیخا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لەکاتی بەشداریکردن لە "کۆنفرانسی ئاشتی" لە مۆنتریاڵی کەنەدا لە ئێوارەی پێنجشەممە، ئاماژەی بە ناردنی سەرباز لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ رووسیا کرد و بە "هەڵکشانی راستەقینەی رەوشەکە" ناویبرد.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا گوتیشی، "ئێمە پێویستیمان بە کاردانەوەیەکی بەهێزە، پێویستمان بە بڕیارێکی هاوپەیمانەکانمانە بۆ ئەوەی رێگەمان پێ نەدەن مووشەکی دوورمەودا لەنێو خاکی رووسیا بەکاربهێنین."
ئۆکراینا چەندین جار داوای لە ئەمریکا و رۆژئاوا کردووە رێگەی پێ بدەن چەکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنێت، بەڵام داواکەی بەبێ وەڵام ماوەتەوە.
رۆژی هەینی، 6ی ئەیلوولی 2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندیی بەرگری لە ئۆکراینا UDCG لە بنکەی ئاسمانیی رامشتاین لە ئەڵمانیا، باسی لە بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا کرد و گوتی، "ئێمە پێویستە ئەو توانایەمان هەبێت، نەوەک تەنیا لە خاکی دابەشکراوی ئۆکراینا، بەڵکو لەنێو خاکی رووسیاش".
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد کە رووسیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لە چەندین ناوچە بەدەستهێنا. ئەوەی ئێستا روودەدات، هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینایە بەتایبەتی دوای بەدەستگەیشتنی چەکێکی زۆر لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاوە.
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆرۆژییا، دۆنێتسک و لوهانسکدا جێگیرکردووە.