هەواڵگریی کۆریای باشوور: نزیکەی 13,000 سەربازی کۆریای باکوور براونەتە رووسیا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، ساتی بەرزکردنەوەی ئاڵای رووسیایە لە شارۆچکەی سیلیدۆڤ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. ئەو پێشڕەویانە و دەنگۆی چوونی سەربازانی کۆریای باکوور بۆ رووسیا و بەکارهێنانیان لە شەڕەکەدا، بەرپرسانی کیێڤی تۆقاندووە. 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "هەڵوێستی هاوبەشە رۆژئاواییەکانمان، جیهانی باشوور و چین دژی بوونی سەربازانی کۆریای باکوور لە رووسیا بەو شێوەیە نییە کە دەبێت ببێت. پێموایە ئەمە زۆر مەترسیدارە و بوونی ئەو سەربازانە جەنگەکە دەباتە دۆخێکی دیکەوە." 
 
بە گوێرەی هەواڵگریی کۆریای باشوور، نزیکەی 13 هەزار سەربازی کۆریای باکوور گوێزراونەتەوە رووسیا. 
 
ئەمە بابەتی گەرمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە نیویۆرک. 
 
بەشێک لە نوێنەرە رۆژئاواییەکان ئەو کارەیان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد. 
 
نیکۆلاس دی ریڤێر، باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "بەشداریی سەربازانی کۆریای باکوور لە جەنگێک دژی وڵاتێکی سەربەخۆ پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانە." 
 
رۆبێرت وود، جێگری بەرپرسی کاروباری سیاسی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: "داوا لە رووسیا دەکەین ئەو جۆرە هەنگاوانە نەنێت. بەکارهێنانی سەربازانی کۆریای باکوور لە جەنگ دەبێتە هۆی زیادکردنی گرژییەکانی جەنگەکە." 
 
باڵیۆزی رووسیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتی رۆژئاواییەکانی رەتکردەوە. 
 
ڤازیلی نابێنزیا، باڵیۆزی رووسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "دووپاتیدەکەمەوە کە هاوئاهەنگییەکانی رووسیا لەگەل کۆریای باکوور لە رووی سەربازی و رووەکانی دیکەشەوە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتین و هیچ پێشێلکارییەکیانی تێدا نییە." 
 
رووسیا هیچی لەبارەی سەربازانی کۆریای باکوور لە وڵاتەکەی نەگوتووە، بەڵام دەڵێن رێککەوتنێکی هاوئاهەنگی ستراتیژییان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە کە حوزەیرانی ئەمساڵ واژۆکرا. 
 
رێککەوتنەکە 23 بەندە و هاوئاهەنگی سەربازی، سیاسی، بازرگانی، وەبەرهێنان و ئەمنی لەخۆگرتووە. 
 
لە بەندی چوارەمیدا هاتووە، ئەگەر یەکێکیان لە جەنگ دابوو، لایەنەکەی دیکە بەبێ دواکەوتن هەموو جۆرە هاوکارییەکی سەربازی پێشکێش بەوەی دیکە بکات بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و یاساکانی هەردوو وڵات.