رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی رووسی گەورەترین سزای دارایی بەسەر کۆمپانیای گووگڵدا سەپاندووە کە بڕەکەی دوو ئەندیسلیۆن روبڵی رووسییە کە 36 سفرە و بڕەکە زۆر زیاترە لەو بڕە پارەیەی لە هەموو جیهاندا هەیە. زیاتریشە لە تەواوی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان.
سزاکە بەهۆی ئەوەیە کە گووگڵ کەناڵە رووسییەکانی لە سەکۆی یوتیوب سنووردار کردووە. سزاکەی رووسیا زۆر زیاترە لە بەهای کۆمپانیای گوگڵ لە بازاڕەکانی جیهان کە دوو ترلیۆن دۆلارە.
ئەو دوو ئەندیسلیۆن رووبڵە کە بە دۆلارە دەکاتە 20 دیسیلۆن دۆلار و 33 سفری هەیە، زۆر زیاترە لە کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆی جیهان کە 110 ترلیۆن دۆلارە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، "هەرچەندە ژمارەکە زۆر زیاترە لەوەی بتوانێت ناوەکەی بڵێم، بەڵام دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی گووگڵ بە رژدی وەریگرن."
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، گووگڵ رێکاری بەرامبەر 17 کەناڵی میدیایی رووسی گرتووەتەبەر و دەستگەیشتنیانی بە خزمەتگوزارییەکانی یوتیوب کە گووگڵ خاوەندارێتی دەکات، سنووردار کردووە.
چەند جارێک دەسەڵاتدارانی رووسیا داوایان لە گووگڵ کردووە ئەو بلۆکەی سەر کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانیان هەڵبگرێت، بەڵام گووگڵ لە بڕیارەکەی بەردەوام بووە.
گووگڵ تائێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەبارەی بڕیاری دادگە رووسییەکە و سزاکە رانەگەیاندووە.
ئەمە یەکەم جار نییە رووسیا سزای کۆمپانیا گووگڵ دەدات و لە تەممووزی 2022، دادگەیەکی مۆسکۆ، بە بڕی 21.1 ملیار روبڵی رووسی کە دەکاتە زیاتر لە 216 ملیۆن دۆلار سزای گووگڵی دا، بەهۆی ئەوەی لە یوتیوب هەندێک ڤیدیۆی لەسەر جەنگی ئۆکراینا بڵاوکردووەتەوە کە دژی بەرژەوەندییەکانی رووسیا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ