ئەمریکا لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان وەڵامی رووداو دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، گرنگە هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانی سووریا کاربکەن بۆ هێشتنەوەی سنووری ئاگربەستی ئەو وڵاتە و پاراستنی ئاگربەستەکە.
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە 31-10-2021ی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و قسەکردن لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی لە لایەن تورکیاوە بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "گرنگە کە هەموو لایەنەکان رێز لە ناوچەکانی ئاگربەست بگرن و بیانپارێزن بۆئەوەی سەقامگیری لە سووریا باشتر بێت و کاریش بکرێت بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا کە لە رێگەی ئیمەیڵەوەیە، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی وڵاتەکەی و تورکیا دەکات و دەڵێت، "ئێمە چەندین بەرژەوەندییمان لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانیی ناتۆمان هەیە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یەکێکە لەوان؛ یەکێکی دیکەیان بریتییە لە کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا و کارکردن بۆ رێگەگرتن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانیش لە ناوچەکەدا یەکێکی دیکەیانە".
لە وەڵامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، ئەوان بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا و و بەردەوامیش دەبن لە راوێژکردن لەگەڵ ئەنقەرە لەبارەی سیاسەتی سووریایان، هەروەک چۆن راوێژ لەگەڵ دراوسێکانی دیکەی سووریا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە دەکەن.
وەڵامەکە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 31-10-2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆما کۆبوونەوە و باسیان لە چەند پرسێک کرد.
کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، بایدن بە ئەردۆغانی گوتووە کە "ئەمریکا خوازیاری پاراستنی پەیوەندیی بەرهەمدار و هەروەها فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانە لەگەڵ تورکیا"؛ سەرۆکی ئەمریکا "جەختی لە نەهێشتنی جیاوازییەکان لەگەڵ تورکیا کردووەتەوە؛ هەردوو سەرکردە تاوتوێی پرۆسەی سیاسیی سووریا، دۆخی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و لیبیایان کردووە. سەرۆک بایدن نیگەرانی خۆی لە کڕینی سیستمی ئێس 400ی رووسی لەلایەن تورکیاوە دەربڕیوە و جەختی لە گرنگی بەهێزیی دامەزراوە دیموکراسییەکان، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا کردووەتەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، یەکێک لە بابەتەکانی دیدارەکەیان بریتی بووە لە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە.
ئەردۆغان دەڵێت، نیگەرانیی خۆی لەوبارەیەوە بە بایدن راگەیاندووە و گوتی، "رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو پەکەکە و پەیەدە کە لە سووریادان، بەتایبەتی لە بابەتی ئەو پشتیوانییانەی لە ئەمریکاوە پێیاندەگات، جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە و نیگەرانیی خۆشمان لەو بارەوە پێ راگەیاند. باسمان لەو نیگەرانییانە کرد کە ئەو بابەتە بۆ ئێمەی دروستکردووە وەک ئەندامی ناتۆ. هەروەها گوتمان ئەم هەنگاوانە زیان بە هاوئاهەنگی نێوانمان دەگەیەنێت".
ئەردۆغان رۆژی 24-9-2021 لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بایدن بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە دۆخێکی هێندە خراپدا نەبووە.
جۆ بایدن لەوەتەی بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، 2 جار لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەتەوە. یەکەمیان لە حوزەیرانی ئەمساڵ و لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆدا بوو.