کۆچبەرێکی کامپی کالێ: تکام لە خێزانە سەردەشتییەکە کرد نەپەڕنەوە، گوتیان خودا گەورەیە

01-11-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن سەردەشت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆچبەرێکی کامپی کالێ لە فەرەنسا دەڵێت، شەوی پێش رووداوەکە تکای لە خێزانەکەی سەردەشت کردووە خۆیان لە ئاو نەدەن چونکە کەشوهەوا لەبارنییە، بەڵام بە گوتەی ئەو کۆچبەرە باوکی منداڵەکان پێی گوتووە "خودا گەورەیە".
 
چۆمان مانیش، کۆچبەر لە کامپی کالێ لە شاری دەنکیرک رایگەیاند "زۆر خەمبارم، چونکە ئەو خێزانەم دەناسی کە لێرە بوون،  پێمگوتن مەڕۆن، گوتم تکایە بە بەلەم مەڕۆن، باش نییە، دۆخەکە خراپە. لە ئاودا بمێننەوە بۆ ئێوە خراپ دەبێت. گوتیان خودا گەورەیە".
 
شەوی 27 لەسەر 28ی تشرینی یەکەمی 2020 خێزانێکی پێنج کەسیی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دایک، باوک و سێ منداڵ پێکهاتبوون، لە کەناڵی مانش لە رێگەی چوون بۆ بەریتانیا بەلەمەکەیان نوقم بوو و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
 
ئەو خێزانە کوردە لەگەڵ 22 کۆچبەری دیکە بە بەلەمێک ویستوویانە لە بەندەری کالێی فەرەنسا و لەڕێی کەناڵی مانشەوە بگەنە بەریتانیا.
 
لەو رووداوەدا هەریەکە لە رەسوول ئێراننەژادی تەمەن 35 ساڵان، سەرۆک خێزان، شیوا محەممەد پەناهی، تەمەن 25 ساڵ، ئانیتا تەمەن 9 ساڵ، ئارمین تەمەن 6 ساڵ و ئارتین تەمەن 15 مانگ خنکاون؛ ئەوان خەڵکی گوندی گوڵینێی سەر بە شاری سەردەشت بوون.
 
خەلیل ئێراننەژاد، برا گەورەی رەسوول، کە دوو رۆژ پێش ئەم رووداوە قسەی لەگەڵ براکەی کردووە، بە رووداوی گوت "ئەوان دووەمجاریان بوو هەوڵیاندا بگەنە بەریتانیا، دووجار ویستبوویان بە شەمەندەفەر بچن، بەڵام دەرنەچووبوون".
 
سەلام ئیبراهیمی کەسی نزیکی بنەماڵەی رەسوول ئێراننەژادە، بە رۆژنامەی شەرقی ئێرانیی راگەیاندووە "خێزانی قوربانیانی ئەو رووداوە پارەی ئەوەیان نییە تەرمەکان بگەڕێننەوە بۆ کوردستان و لە شاری سەردەشت بەخاکیان بسپێرن".
 
دوای ئەوەی کەسوکاری ئەو خێزانە پێنج کەسییەی سەردەشت بەهۆی بڵاونەبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی خێزانەکە لە میدیا نێوخۆییەکانی ئێران رەتیانکردەوە قسە بۆ رۆژنامەی شەرق بکەن، سەلام ئیبراهیمی بە نوێنەرایەتیی برای رەسوول ئێراننەژاد قسەی کرد و گوتی "تەرمی کوڕە 15 مانگەکەی رەسوول هێشتا نەدۆزراوەتەوە و خێزانەکەی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی تەرمەکاندان".
 
ئەو خێزانە بە گوتەی سەلام ئیبراهیمی بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکان، داوایان لە نوێنەری سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران کردووە و ئەویش بەڵێنی یارمەتیی پێداون. نوێنەری سەردەشت گوتوویەتی "گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیان پێویستی بە 300 ملیۆن تمەن پارەیە" و خێزانی قوربانیان دەڵێن، هەرچییان بووە بۆ کۆچی قوربانیان بۆ ئەوروپا فرۆشتوویانە و ئێستا ئەو پارەیان نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە