سەربڕەکەی نیس.. لە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرەوە بۆ مزگەوت

01-11-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نیس ئیبراهیم عویساوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیبراهیم عویساوی، ئەنجامدەری هێرشەکەی شاری نیسی فەرەنسا، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ ماڵباتە تونسییەکەیدا ئەنجامدا، بەبراکەی راگەیاند "کەمێک پێش ئێستا گەیشتمە شاری نیس، لێرە خۆم گەیاندە ژێر پلیکانەکانی باڵەخانەیەکی بەرامبەر کەنیسەیەک، کەمێک دەخەوم و دەمەوێ پشوو بدەم".
 
دوای چەند کاژێرێک لەو پەیوەندییە، پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاند، گەنجێکی تونسی چووەتە ناو کەنیسەیەکەوە لە شاری نیس، دوو کەسی کوشتووە و  ژنێکی سەربڕیوە. پۆلیس هێرشکارەکەی ناو کەنیسەکەی دەستگیرکرد، پاش ئەوەی هێرشیکردە سەری و بەبرینداری و لە دۆخێکی خراپدا، گواستییەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
ئەنجامدەری تاوانەکە، کەسوکارەکەی لە تونس نیشتەجێن، ئەوان لەدوای ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشەکەی نیسەوە، تیشکێکی زۆری میدیاییان کەوتووەتە سەر، هەمووان باسیان دەکەن و بە وردی سەرنج لە هەڵسوکەوتیان دەدەن.
 
یاسین عویساوی، برای ئیبراهیم گوتوویەتی "لەپەیوەندییەکەدا گوتی کەمێکە گەیشتوومەتە نیس، لەوێ کەس ناناسم.. لە باڵەخانەیەکدام، کە رۆژ بووەوە ئەوێ بەجێدەهێڵم و بەدوای کەسێکی تونسیدا دەگەڕێم قسەی لەگەڵدا بکەم و بەڵکو بتوانم لەگەڵیاندا بمێنمەوە یان ئیشێکم دەستبکەوێت".
 
ئیبراهیم بەرلەوەی بەبرینداری بکەوێتە بەردەستی پۆلیسی فەڕەنسا، بەر لە چوار ساڵ بەهۆی بەکارهێنانی چەقۆ و کاری تووندوتیژییەوە دەستگیرکرابوو.
 
ئاژانسی دەنگوباسی تونس لە زاری موحسین دالی، گوتەبێژی دادگای بەرایی تونسی گواستەوە، عویساوی ساڵی 2017 بەهۆی کاری تووندوتیژی و ئاژاوەوە دەستگیرکراوە ئەوکاتە مێردمنداڵێکی سەرەڕۆ بوو. گوتەبێژەکە ئاشکرایکردووە ئەوکات تۆمەتبارەکە لەشەڕێکی ناوچەکەی خۆیەوە گلاوە و لەو شەڕەدا چەقۆی بەکارهێناوە.
 
وەک چیرۆکی ئاشکراکراوی ئەو دەریخستووە، عویساوی دواتر بایداوەتەوە و وازی لە کهول و هۆشبەر هێناوە و روویکردووەتە مزگەوت. هیچ ئاماژەیەکی مەترسیداری تێدا نەبوو، هەر بۆیە لە لیستی تیرۆریستە داواکراوەکانی فەڕەنسا و تونسیشدا نەبوو.
 
لە خولەکە کەمەکانی دوای رووداوەکەدا، ئیبراهیم بەبرینێکی زۆرەوە کەوتە بەردەستی پۆلیسی فەڕەنسا، لەنزیکی ئەو، دەست بەسەر چەقۆیەکەی درێژدا گیرا، پۆلیس گوتی چەندین چەقۆی دیکەی لە نزیک جانتاکەی ئیبراهمیدا دۆزیوەتەوە.
 
لەماڵی بکوژەکەدا
 
ماڵی عویساوی دەکەوێتە ناوچەی بەتینە، لە سەفاقس لەسەر کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست، ناوچەیەک کە ئاوەکانی دەریا لە کیشوەری ئەوروپای جیادەکاتەوە. دایکی و هەر نۆ خوشک و براکەی لەپڕمەی گریاندەدەن، کاتێک دەبیستن و دەبینن کوڕەکەیان چ تاوانێکی کردووە. کاتێک لە تەلەڤزیۆنەوە دیمەنی ئەو شوێنە پێشاندرا کە هێرشەکەی تێدا کراوە، ئەوان شوێنەکەیان ناسییەوە و گوتیان ئەو شوێنەی دوا پەیوەندی لێوەکردووە، هەمان ئەو جێگایەیە کە تێیدا بەبرینداری کەوتووەتە دەست پۆلیس.
 
لە ئەیلوولی رابردووەوە، ئیبراهیمی تەمەن 21 ساڵان کەسی لە ماڵباتەکەی نەبینیووە. ئەوە دواجاربوو کە ئەوان کوڕەکەی خۆیان بینی، کاتێک چووە سەر پشتی بەلەمێکی بچووک و بەرەو دوورگەی لامپیدۆسای ئیتاڵی بەڕێکەوت. ئەو دوورگەیە، وێستگەیەکی سەرەکی کۆچبەرانی ئەفریقیایە بەرەو ئەوروپا.
 

ئیبراهیم عویساوی

ئیبراهیم پێشتر پلانی کۆچی خۆی بۆ ماڵباتەکەی ئاشکرا نەکردبوو، وەک کەسوکارەکەی دەڵێن، دەیزانی دایکی کۆچی ئەو رەتدەکاتەوە، بەڵام ئەو ئەمجارە لە هەموو کات زیاتر سووربوو لەسەر سەفەرەکەی، بەتایبەت کە جارێکی دیکە و بەرلەساڵێک لە هەوڵێکی هاوشێوەدا شکستیهێنابوو.
 
ئەوەی ئیبراهیم کردوویەتی لە رووکردنە ئەوروپا، بەتەنیا خەونی ئەو نەبوو، بەڵکو خەونی زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکەیە، ئامانجی سەرەکیش باشترکردنی دۆخی ژیان و دۆزینەوەی کارە.
 
خەونی بەژن و ئۆتۆمبێلەوە دەبینی
 
یاسینی برای، شۆک گرتوویەتی، هێشتا بڕوا بە رووداوەکان ناکات، ئەو باس لە خەونەکانی براکەی دەکات، دەگێڕێتەوە "دەیگوت دەمەوێ کار بکەم، هاوسەرگیری بکەم و خانوو و ئۆتۆمبێلم هەبێت، وەک هەر کەسێکی دیکە".
 
ئەو بەرلەوەی سەرهەڵبگرێت و بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەوێت، لە کابینەیەکی بچووکدا سووتەمەنی قاچاخی دەفرۆشت.
 
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا ئاشکرایانکردووە، تاوانبارەکە رۆژی 20ی ئەیلوول گەیشتووەتە دوورگەی لامپیدۆسای ئیتاڵی، لەوێ ماوەتەوە و رۆژی 8ی تشرینی یەکەم گەیشتووەتە ناو خاکی ئیتاڵیا.
 
زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، ئیبراهیم لەدوای گەیشتنیەوە بەسەر خاکی دوورگەکە، کەرەنتینە کراوە بەهۆی کۆرۆناوە، دوای تەواوبوونی ماوەی کەرەنتینەکەی، ئاگادارکراوەتەوە لەوەی پێویستە خاکی ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت.
 
ماڵباتەکەی گوتوویانە، عویساوی رۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە فەڕەنسا. گەیشتنی ئەو بەفەڕەنسا لەنێو ئەو هەڵایەدابوو کە بەهۆی کاریکاتێرەکانی گۆڤاری 'شارلی ئیبدۆ'ی فەڕەنسییەوە لەسەر پەیامبەری ئیسلام سەریهەڵدابوو. ئەو هەمان رۆژی گەیشتنی بۆ فەڕەنسا، پەیوەندی بەماڵباتەکەیەوە کرد و ئاگاداریکردنەوە لە ئیتاڵیاوە گەیشتووەتە فەڕەنسا.
 
دایکی کاتێک قسەی لەگەڵدا دەکرد لە رێگەی تەلەفۆنەوە، بەجۆرێک لە نیگەرانییەوە پێیگوت: "تۆ خوێندەوار نیت، زمان نازانیت، بۆچی چوویت بۆ ئەوێ؟" بەڵام ئەو خۆی لەو پرسیارانە دزییەوە و بە دایکی گوت: "تەنیا پێویستم بەنزاکانی تۆ هەیە".
 
لە دوای رووداوەکەوە، پۆلیس و دەزگا ئاسایشییەکانی فەڕەنسا، لێکۆڵینەوەیان بۆ گەیشتنە بنجوبناوانی رووداوەکە دەستپێکرد. داواکاری گشتیی فەڕەنسا گوتی، عویساوی بەرەبەیانی پێنجشەممە گەیشتووەتە شاری نیس، نزیکەی کاژێر و نیوێک لە وێستگەی شەمەندەفەر ماوەتەوە، دواتر پێڵاوێکی نوێی لەپێکردووە و هێرشەکەی ئەنجامداوە.
 
لە فیتەرییەوە بۆ سەربڕی
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵباتی عویساوی لەسەر کوڕەکەیان بە 'رۆیتەرز'یانداوە، ئەو یەکێکە لە سێ برا و حەوت خوشکی ناو ماڵباتەکە، ئەوان لە ناوچەی تینە دەژین لەو کاتەوە ئیبراهیم تەنیا شیرەخۆرەیەک بووە، بەرلەوە لە ناوچەیەکی دوورەدەستی قەیرەوان، لە باکووری تونس ژیاون کە ناوی بوحجلەیە.
 
یەکێک لە خوشکەکانی ئەو ناوی عەفافە، ئەو رایگەیاندووە براکەی هەر زوو وازی لە خوێندن هێناوە، جگە لە عەرەبی هیچ زمانێکی دیکەی نەزانیووە. عویساوی فیتەر بووە، دواتر کەمێک پارەی کۆکردووەتەوە و پەمپێکی گواستنەوەی سووتەمەنی پێ کڕیووە، بیری وابووە ئەو پەمپە هاوکاری دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو پارەیەی بۆ گەیشتن بەئەوبەری دەریا پێویستی پێیەتی.
 
ماڵباتەکەی و دراوسێکانی گوتوویانە، عویساوی هیچ بۆچوونێکی تووندڕەوانەی نەبووە، هەرگیز وادیار نەبووە سەر بە گرووپێکی جیهادی بێت، تەنانەت ئەو بەردەوام سەردانی مزگەوتی ناوچەکەی خۆیانی نەدەکرد. لە دوو ساڵی رابردوودا، زۆرینەی نوێژەکانی لە ماڵەوە دەکرد. براکەی گوتوویەتی، لەپاش وازهێنان لە کهول و هۆشبەر، خوی بەنوێژەوە گرت.
 
تونس ماوەیەکی کەم نییە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانە، ساڵانی رابردوو پۆلیسی وڵاتەکە کاریگەرتر و گورجتر لە دەستوەشاندنەکانیان لە گرووپە جیهادییەکان دەرکەوتن، بەڵام ئەمە کارەکەی بنەبڕ نەکردووە، ناوە ناوە، لێرە و لەوێ، هەندێک هێرش روودەدەن و کەسانی بێتاوان تێیدا دەبنە قوربانیی.
 
زانیارییەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە دەڵێن، زۆرینەی گەنجە تووندئاژۆکانی ئێستای وڵاتەکە، بەهۆی ئینتەرنێتەوە دەکرێنە ئەندامی گرووپە تیرۆریستییەکان.
 
'ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی تونس' ئاشکرایکرد، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەیان لە بارەی هەندێک بڵاوکراوەی سەر سۆشیال میدیا دەستپێکردووە، کە دەڵێن هێرشەکەی نیس لەلایەن کۆمەڵەیەکەوە بەناوی 'مەهدی لە باشووری تونس' ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا پێشتر ئەو کۆمەڵەیە لای بەرپرسان نەناسراو بووە.
 
ئەشرەف فرجانی، یەکێک لە دراوسێکانی عویساوی گوتوویەتی "ئەو خاوەنی هەڵسوکەوتی تووند نەبوو، هەرگیز نەمبیستووە مامەڵەی لەگەڵ گرووپە تووندڕەوەکاندا کردبێت، یان هیچ کارێکی کردبێت کە پەیوەندی بە تیرۆر و تووندئاژۆییەوە هەبێت".
 
کاتێک دایکی ئیبراهیم قسە بۆ 'رۆیتەرز' دەکات، فرمێسکەکانی راناوەستن. ئێستا ئەوان هەموویان لە ژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسی تونسدان، پۆلیس دەستی بەسەر مۆبایلەکانی ماڵباتەکەدا گرتووە.
 
یاسین ئیبراهیم، نایەوێ بڕوا بەوە بکات، براکەی ئەو تاوانەی کردووە، هەموو ئەندامانی ماڵباتەکە هەمان بۆچوونیان هەیە. ئەو دەڵێ لەوانەیە براکەم لە شوێنی رووداوەکەدا تەنیا تەماشاچییەک بووبێت. لەوانەیە تاوانەکەی بینبێت و بەڵام ئەو ئەنجامدەری نەبووبێت.
 
ئەو بەپێچەوانەی قسەی بەرپرسەکانی پۆلیسی فەڕەنسییەوە دەڵێت: "لەوانەیە لە کاتی هێرشەکەدا گوێی لە تەقە بووبێت و رایکردبێت تاوەکو بزانێ چی روویداوە، دواتر تەقەکەی لێکرابێت و بەتۆمەتبار ناسێنرابێت".
 
لە رووداوەکەی نیسدا سێ کەس بوونە قوربانیی، لە نێویاندا سیمۆن باریتۆ سێلڤا. ئەو دایکەی 30 ساڵ بەر لەو بەرەبەیانەی هێرشکارەکە بەچەقۆ درێژەکەیەوە پەلاماری خەڵکی دەدا، گەیشتە سەر زەوی فەڕەنسا و لەوکاتەوە لەوێ دەژیا.
 
سێلڤا دایکی سێ منداڵ بوو، بنەچەی بەرازیلییە و کاتێک تەمەنی تەنیا 14 ساڵبوو، بە کۆمەڵێک خەونەوە بەڕازیلی بەجێهێشت. سێلڤا کەوتە بەر چەقۆی سەربڕەکە و بەرلەوەی بمرێت بەپۆلیسی گوت "بەمنداڵەکانم بڵێن خۆشم دەوێن".
 
ئەو زانیارییانەی لە فەیسبووکی سێلڤاوە وەرگیراون و دەریدەخەن چەندین مانگە ئەو هیج پۆستێکی بڵاونەکردووەتەوە، دەریانخستووە ئەو خاوەنی دوو کوڕە، بەڵام باڵیۆزخانەی بەرازیل لە پاریس دەڵێت دایکە بەرازیلییەکە سێ منداڵی هەیە.
 
فریاگوزارەکان کاتێک گەیشتنە نزیک کەنیسەکە، سێلڤایان بینی لەخوێنی خۆیدا بوو، لە نزیک یەکێک لە کافێیەکانی سەر شەقامە گشتییەکەی نزیک کەنیسەکە، بەڵام هێشتا لە ژیاندا مابوو. سێلڤا بەبرینداری خۆی گەیاندبووە نزیک کافێیەکە، هەر لەوێشدا گیانی سپارد.
 
هێرشەکە لە نێو ناوچەی 'کوت دازۆردا' روویدا، ئەو ناوچەیە یەکێکە لە ناوچە بازرگانییە زیندووەکانی ناوەندی شاری نیس.
 
سەرۆکی شارەوانیی نیس، کریستیان ئیسترۆسی، ئاشکرایکردووە، تۆمەتبارەکە لە کاتێکدا لەسەر زەوی کەنیسەکە چارەسەری سەرەتایی برینەکانی بۆ دەکرا، هەر هاواری دەکرد 'ئەڵڵاهوئەکبەر'.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەگەڵ گەیشتنی زریانەکە، شەپۆلی بەهێزی دەریا بەر کەناراوەکانی فلۆدیدا دەکەون. وێنە: AFP

زریانی هێلین هەڕەشە لە فلۆریدای ئەمریکا دەکات

ناوەندنی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، زریانی هێلین ئێستا گەیشتووەتە ئاستی سێیەم لە پلەبەندی بەهێزیی زریانەکان و هۆشداریشیدا خێرایی با گەیشتووەتە 120 میل لە کاژێرێکدا.