لە سوێد تەقە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

تەقە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە سوێد کرا و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێت، ستافەکەی سەلامەتن.
 
ئەم ئێوارەیە پۆلیسی سوێد چووە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم، دوای ئەوەی لە تەقەکردن لە باڵیۆزخانەکە ئاگادار کرایەوە.
 
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، چەند گولـلەیەک بەر پەنجەرەکانی باڵەخانەکە کەوتوون، ئەو چەکەش لەلایەن تەقەکەرەکەوە بەکارهێندراوە لە ناوچەیەکی دەرەوەی باڵیۆزخانەکە دۆزراوەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، تەواوی ستافی باڵیۆزخانەکە سەلامەتن.
 
پۆلیسی سوێدیش باس لەوە دەکات، هیچ کەسێک پەیوەندیدار بەو رووداوەوە دەستگیر نەکراوە.
 
رۆژی دووشەممە 30-9-2024 ئوڵف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد بە میدیای ئیسرائیلی گوت، هێزی ئاسایشی وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 7:30 سوپای پاسداران بە مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر ئیسرائیل.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، نزیکەی 180 مووشەک ئاراستە کراون و زۆربەیان بە هاوبەشی سوپاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دیکەیان خراونەتە خوارەوە.
 
سوپای پاسدارانیش ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی هێرشە مووشەکییەکە 3 بنکەی سەربازیی ئیسرائیل بوون نزیک لە تەلئەڤیڤ.