کۆشکی سپی: هێرشەکەی ئێران تێکشکێندراوە و بێ کاریگەر بووە

01-10-2024
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران "تێکشکێندراوە و بێ کاریگەر بووە."
 
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کەمێک لەمەوبەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو هێرشەی ئەم ئێوارەیە سوپای پاسداران لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە کردییە سەر ئیسرائیل "تێکشکێندرا و بێ کاریگەر بووە."
 
جەیک سوڵیڤان ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئەمریکا هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل هەبووە بۆ "شکستهێنان" بە هێرشەکە و خستنەخوارەوە مووشەکەکان.
 
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل "قبووڵنەکراوە" و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی بکات.
 
ئەنتۆنی بلینکن بە پەیامنێرانی راگەیاند، "راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل بە پاڵپشتی چالاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی دیکە، ئەو هێرشەیان بەشێوەیەکی کاریگەر تێکشکاندووە."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش بڵاویکردەوە، کەیر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە و "پابەندبوونی جێگیری بەریتانیای بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و پاراستنی هاووڵاتییەکانی دەربڕی."
 
هێرشەکەی ئێران، ئەمشەو کاژێر 07:30 دەستیپێکرد و دواتر سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، سێ بنکەی سەربازییان لە نزیک تەلئەڤیڤ کردووەتە ئامانج.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیاوێک بە بەردەم بۆرسەی نیویۆرک دا تێدەپەڕێت. وێنە: Reuters

پیاوێکی ئەمریکی بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا

پیاوێکی ئەمریکی تەمەن 30 ساڵ بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا. پلانەکەی دوای ئەوە ئاشکرابووە کە لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، بەڵام نەیزانیوە کارمەندی پۆلیسن.