رووداو دیجیتاڵ
هەردوو وەزیرانی بەرگری ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کرد و هەردوولا تاوتوێی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی سێشەممەی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد.
رۆژی سێشەممە 01ی تشرینی یەکەمی 2024، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی یۆئاڤ گاڵانت کرد. رایدەر رایگەیاند، هەردوو وەزیر هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لێکەوتەی تووندی بۆ سەر ئێران دەبێت و ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات سوورن لەسەری ئەوەی بەرگری لە هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە بکەن لەبەرامبەر هەر هێرشێکی ئێران و گرووپەکانی نزیکیان.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە "وەزیری بەرگریی بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی راگەیاندووە لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵیانداوە، هێزەکانیان لە ناوچەکە توانایەکی تۆکمەی سەرباز زیاتریان هەبێت."
هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا روونیکردەوە، "لە پێگەیەکداین بەرگری لە هێزەکانمان و هاوبەشان و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە بکەین، لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی نزیک لە ئێران و سووریشین لەسەر رێگەگرتن لە هەر لایەک بۆ قۆستنەوەی ئەو گرژییانە یان فراوانکردنی ناکۆکییەکان بە ناوچەکەدا."
هەر بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی گوتەبێژی پێنتاگۆن، هەردوو وەزیری باسیان لە لێکەوتە خراپەکانی هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کردووە.
کاژێر 07:30ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سوپای پاسداران رایگەیاند، بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر خاکی ئیسرائیل، ئەوەش وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ