لە هەفتەی زێڕیندا سەرجەم هاووڵاتیانی چین 7 رۆژ پشوو وەردەگرن

رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵێکدا تەنیا یەک هەفتە هەموو هاووڵاتییانی چین پێکەوە پشوو وەردەگرن، بەو هەفتەیە دەگوترێت هەفتەی زێڕین (گۆڵدن ویک) لەو هەفتەیەدا فێستیڤاڵی نیوەی پاییزە و رۆژی نیشتمانیی چین بەڕێوەدەچێت. هەموو چینییەکان دوور لە کارکردن ئاهەنگ دەگێڕن و سەردانی کەسوکاریان دەکەن. 
 
لەم هەفتە گرنگەی چینییەکاندا، خێزانەکان پلانی خۆیان بۆ هەفتەکە دادەنێن. هەندێک لە وڵاتانی دەرەوە دێنەوە زێدی خۆیان و هەندێکیش کە لە وڵاتەکەدا دەژین، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن. ئاڵسا لەگەڵ باوکی لە ئوسترالیا دەژین، باوکی مامۆستای زانکۆیە. دڵخۆشن کە دوای نەمانی کۆرۆنا گەڕاونەتەوە بۆ چین. 
 
ئاڵسا تۆنی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خۆشحاڵم کە لە پشووەکەمدا ئەو کەلتورە دەبینم کە لێوەی هاتووم، بەنیازم کێکی مانگی بخۆم و بە چینی ئاهەنگ بگێڕم، هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەم ببینم، ئەمەش بەشێکە لە کولتووری ئێمە."
 
تۆنی چانگ، باوکی ئاڵسایە و مامۆستای زانکۆیە لە ئوسترالیا، چووەتە  وڵاتەکەی و لەبارەی پشووەکەیانەوە دەڵێت، "بەدڵنیایەوە دوای چوار بۆ پێنج ساڵ لە کۆرۆنا و مانەوە لە هەمان شوێن، ئێستا هەمووان پەرۆشین بۆ گەڕان و دەرچوون، "پێموایە ئێمە شایەنی ئەم کاتە خۆشەین، دڵخۆشم کە دەگەڕێمەوە چین و کچ و کوڕەکەم کاتی خۆش لەگەڵ خێزانەکەم بەڕێ دەکەن و زیاتر ئاشنای کولتووری چینی دەبن."
 
موون کەیک، یاخود کێکی مانگ، گەورەترین دیارییە کە چینییەکان لەم فێستیڤاڵەدا پێشکێشی یەکدی دەکەن، شێوەی کێکەکە خڕ و بازنەییە کە شێوەی مانگ دەدات، خێزانەکانیش لە بۆنەکەدا لە دەوری مێزێکی بازنەییدا کۆدەبنەوە. لەگەڵ موون کەیک خواردن و شیرینی کۆنی چینی پێشکێش دەکرێت.
 
ژانگ یوینگ، هاووڵاتییەکی چینییە و پیشەی ژمێریارە، لەبارەی هەفتەی زێڕینەوە دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئەمڕۆ فێستیڤاڵی نیوەی پاییزە و رۆژی نیشتمانی چینە، هاوکات رۆژێکی خۆش و جوانیشە، بۆیە بڕیارم داوە خێزانەکەم بێنمە دەرەوە و هەندێک کاتی خۆش پێکەوە بەسەرببەین، ئێمە لەم رۆژانەدا پێکەوە دەبین و شیرینی و خواردنی چینی دەخۆین."
 
بە ئامانجی ئەوەی کە خەڵک لەم بۆنەیە بگەڕێنەوە بۆ لای کەسوکاریان، حکومەتی چین لەم پشووە هیچ گۆڕانکارییەکی لە نرخی هاتووچۆی گشتی ئەنجام نەداوە، تەنانەت کرێی رێگەی خێرا (ئۆتۆبان) لە شۆفێران وەرناگرێت. 
 
هەرچەندە بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار و هاووڵاتییانی دەرەوەی چینی کە روو لە وڵاتەکە دەکەن، چێشتخانە و هۆتێل و میوانخانەکان بەرناکەون و ئابووریی وڵاتەکە زیاتر روو لە بووژرانەوە دەکات. ساڵی رابردوو بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆناوە 400 ملیۆن گەشتیار روویان لە چین کردووە، پێشبینی دەکرێت، ئەم ساڵ ئەو ژمارەیە دوو هێندە زیادبکات. 
 
رۆژی 1ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 1949، رێبەری میللی چین، ماو سیتۆنگ، کۆماری میللی چینی لە گۆڕەپانی تیانمێن لە پەکین راگەیاند، لە یادەکەدا هەر 10 ساڵ جارێک چین نمایشێکی سەربازی گەورە ئەنجامدەدات بۆ پێشاندانی توانا سەربازییەکانی.