ئەمساڵ لە ئەڵمانیا زیاتر لە 3,000 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی ئەڵمانیا دەڵێن، ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان ئافرەت بوونە. دەشڵێن، پلانی پاراستنی هاووڵاتییان لە گەرما بووەتەهۆی پاراستنی ژیانی بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی بەتەمەن و ئەوانەی دۆخێکی تایبەتیان هەیە.

رۆژی شەممە، 30-09-2023، ئاژانسی تەندروستیی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەمساڵ بەهۆی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە سێ هەزار و 120 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان تەمەنیان لە سەرووی 85 ساڵ بووە.
 
کارڵ لاوتەباخ، وەزیری تەندروستیی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، پلانی پاراستنی هاووڵاتییان لە گەرما بووەتەهۆی ئەوەی ژمارەکە نەگاتە چوار هەزار کەس و دەڵێت "ژیانی زۆر کەس پارێزرا." دەشڵێت، پلانی حکومەت چەندین بواری لەخۆگرتبوو؛ لەوانەش ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییانی بەتەمەن و ئەوانەی دۆخێکی تایبەتیان هەیە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن.
 
بەگوێرەی راپۆرتی سەرەتایی ئاژانسی تەندروستیی ئەڵمانیا، ئەوانەی بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە هەزار و 670 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و هەزار و 450 کەسەکەی دیکەش لە رەگەزی نێر بوون. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ساڵی رابردوو چوار هەزار و 500 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، کە بەشێکی بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بوو. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ساڵانی 2013، 2015، 2018 و 2019 ژمارەی ئەوانەی بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدابوو زیاتر بوو لە شەش هەزار کەس بۆ هەر ساڵێک، بەڵام ساڵانی 2014، 2016، 2017 و 2021 ژمارەکە لە نێوان هەزار بۆ هەزار و 700 کەس بوو. ئەو جیاوازییانەش بەهۆی جیاوازیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ساڵانەوە بووە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی کەشناسیی ئەوروپا، لە تەواوی جیهاندا مانگی ئابی ئەمساڵ گەرمترین مانگی تۆمارکراوی مێژوو بووە و ساڵی 2023ش دووەم گەرمترین ساڵی مێژوو بووە.