رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ بەفەرمی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە رێوڕەسمێکدا، واژۆی لەسەر لکاندنی چوار پارێزگای ئۆکراینا بە وڵاتەکەیەوە کرد. بەشێکی دانیشتووانی رووسیا پشتیوانی لکاندنەکە دەکەن و دەڵێن؛ پێشتر لە یەکێتیی سۆڤیەت یەک خێزان بوون و هەمووان رووسی بوون.
ئیلدار بابایڤ، سەربازی خۆبەخشێکە و دەڵێت، "ئەوە زۆر باشە کە ئەو شوێنانە بوون بە بەشێک لە رووسیا. دەبووایە ئەو کارە زۆر زووتر بکرایە، بەڵام دواجار روویدا."
پارێزگاکانی خێرسۆن، لوهانسک، زاپۆرۆژیا و دۆنێتسک پێش شەڕەکە ژمارەی دانیشتووانیان 2,264,975 کەس بوو. 156،600 کەس لە پارێزگای خێرسۆن، 300,000 کەس لە لوهانسک، 532,539 کەس لە زاپۆریژیا و 340,000 لە دۆنێتسک ئاوارە و پەنابەربوون کە کۆی گشتی دەکاتە 1,329,139 کەس.
لە ساڵی 2001 دا 89٪ خەڵکی لوهانسک، 93٪ی خەڵکی دۆنێتسک، 20٪ی خەڵکی خێرسۆن و 81٪ زاپۆریژیاییەکان بە رووسی قسەیان کردووە.
شەڕەکە زیاتر لە 7 مانگە بەردەوامە و زیانی گەورەی لە هەردوو وڵات داوە. لێکەوتەکانیشی کاریگەرییان لەسەر زۆر وڵات هەبووە.
بەشێک لە دانیشتووانی رووسیاش پێیان وایە، بڕیاری رووسیا بۆ لکاندنی ئەو چوار پارێزگایەی ئۆکراینا دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان.
میخایل ئیسانیکۆ، ئەندازیارێکە و دەڵێت، "پێم وایە بڕیارەکە دۆخەکە لە بەرەی پێشەوەی جەنگ هێور ناکاتەوە و تەنانەت لووتکەی زیادبوونی گرژییەکانیش دەبینین".
بڕیارەکەی رووسیا کاردانەوەی رۆژئاوایشی لێکەوتەوە و یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "هەرگیز" وەکو بەشێک لە خاکی رووسیا دان بەو چوار ناوچە ئۆکراینییانەدا نانێت.
ئەمریکاش سزای بەسەر 292 کەسایەتیی رووسیدا سەپاند، ئەوە جگە لەوەی جەختی لەهەڵوێستەکەی یەکێتیی ئەوروپا کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ