تۆمارێکی دەنگیی کۆبوونەوەی جۆن کێری لە بارەی سووریا بڵاودەبێتەوە

رووداو- هەولێر

تۆمارێکی دەنگی جۆن کێری ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند گرووپێکی سووریا بڵاودەبێتەوە، کە دەردەکەویت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بێ توانایی خۆی لە کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا دەردەبڕێت. 


جۆن کێری لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت: "دەکرێت بەشار ئەسەد بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی سووریا لە داهاتوودا بکات". گوتیشی، داوای بەکارهینانی هێزی سەربازی لە سووریا کردووە، بەڵام لە نێو ئیدارەی باراک ئۆبامادا پشتگیری لێنەکراوە. 

ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی 22ی سێپتەمبەری 2016 لە نووسینگەی نوێنەرایەتی دانیمارک، لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچووە، کە تێیدا جۆن کێری قسە بۆ زیاتر لە 20 کەس لە چوار رێکخراوی سووری کە هاوکاریی مرۆیی دەگەیێنن بە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەری چوار وڵات دەکات. ئەو تۆمارە دەنگییە لەلایەن یەکێک لە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکەوە تۆمارکراوە و نزیکەی 40 خولەکە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵدەدات ئەوە شیبکاتەوە کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی یاسایی ناتوانێت هێرشبکاتە سەر بەشار ئەسەد، بەڵام رووسەکان لەلایەن حکومەتی ئەسەدەوە بانگهێشتکراون بۆ سووریا و دەتوانن هەموو کارێک ئەنجامبدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێت، "کێشەکە ئەوەیە کە رووسیا گوێناداتە یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڵام ئەمریکا وانییە و بەپێی یاساکان مامەڵە دەکات". 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سووریەکان دەڵێت، کە چەکدارکردنی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دژی حکومەتی بەشار ئەسەد، زیانی زیاتر دەبێت، جۆن کێری روونیدەکاتەوە " ئەگەر گرووپەکان زیاتر چەکداربکرێن، رووسیاش چەکی زیاتر دەنێرێت، ئێرانیش بەهەمان شێوە، حیزبووڵاش لەوێیە، بەرەی نوسرەش زیاتر چەکدار دەبێت، هەروەها لەولاشەوە، تورکیا و سعودیە و قەتەریش هاوکارییە داراییەکانیان و هەوڵەکانیان چڕتردەکەنەوە، ئەوەش لە کۆتاییدا ئێوەی سووریا زیاتر دەسوتێنێت و لەناودەبات".  

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ناردنی هێزی سەربازی ئەمریکیش بۆ سووریا، دەڵێت: "کۆنگرێس ئەوە پەسند ناکات، خەڵکی ئەمریکیش لە شەڕ بێزار بوونە و پشتگیری ناردنی سەرباز ناکەن". 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشیدا جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سووریەکان دەڵێت، کە باشترین چارەسەر بۆ ئەوان، رێگەی سیاسیە، کە دەرچەیەک بکاتەوە بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بەشداریی لە قۆناخی گواستنەوە بکات لە سووریا و دواتر لە هەڵبژاردنێکدا خەڵکی سووریا بریاربدەن کە کێیان دەوێت. 

جۆن کێری باسی بەشداریی ئەسەد لە هەڵبژاردنی سووریا دەکات و دەڵێت: "لەو هەڵبژاردنەدا دەکرێت بەشار ئەسەد بەشداری تێدابکات". بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەو بۆچوونەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێچەوانەی سیاسیەتی پێنج ساڵی رابردووی ئیدارەی ئۆبامایە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەشار ئەسەد دەکات.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە، بەشیک لە سووریەکان رەخنە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە خەڵکی وڵاتەکەیان دەگرن، بەشێک لە ئامادەبووانی ئەو کۆبوونەوەیەش بڵاویانکردووەتەوە کە ئەوان هیچ ئومێدێکیان بە ئیدارەی ئۆباما نەماوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا.