سەرۆککۆماری پۆڵۆنیا: هاوکاری زیاتری لێقەوماوان دەکەین لە کوردستان

رووداو- ئەڵمانیا

سەرۆککۆماری پۆڵۆنیا رایدەگەیێنێ، چارەنووسی سەختی كوردانی ئێزدییان لەیادناچێت کە کۆمەڵکوژکران و لە خاکی خۆیان دەربەدەرکران. هاوکات داوای هەنگاونانی خێرا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ پاراستنی مافی نەتەوە و ئایینزاکان.

زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دیدارێکیاندا لەگەڵ ئانـدژێـی دودا، سەرۆککۆماری پۆڵۆنیا، جەخت لەسەر هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی پۆڵۆنیا کراوەتەوە. هاوکات ئاندژێی دودا رایگەیاندووە كە هاوکاری زیاتری لێقەوماوان دەکەن لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها لەكاتی پێشكەشكردنی گوتارێك لە کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرۆککۆماری پۆڵۆنیا رایگەیاندبوو " لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کردەوە تووندوتیژییەکان بەرامبەر ئایینی کریستیانەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار لەهەڵکشاندان، چارەنووسی سەختی ئێزدییەکانمان لەیادناچێت کە کۆمەڵکوژکران و لە خاکی خۆیان دەربەدەرکران". 

لە گوتارەكەیدا ئاندژێی دودا، داوای هەنگاونانی خێرای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاراستنی مافی نەتەوە و ئایینزاکان. كۆبوونەوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك رۆژی دووشەممە دەستیانپێكرد و تاوەكو ئێستاش بەردەوامن.

لەبەرامبەر هەڵوێستیان بەرامبەر هەرێمی كوردستان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆککۆماری پۆڵۆنیا کە لێدانی یەکەمین زەنگی ساڵی نوێی خوێندن کۆیکردبوونەوە، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئانـدژێـی دودا.