سێرگی لاڤرۆڤ بۆ کوردانی رۆژئاڤا: پشت بە ئەمریکییەکان مەبەستن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "ئەمریکا توانیی کوردی سووریا رابکێشێتە نێو یارییەکانی خۆیەوە، بەڵام ئامانجی ئەو وڵاتە تەنیا بەدەستهێنانی نەوت و گازە نەک هاوکاریکردنی کورد."
ئەمڕۆ یەکشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند، "بوونی ئەمریکا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی ناوچەکە هەیە، لەوەش زیاتر بە هۆکاری سەرەکی ناجێگیری دۆخی ئێستای ناوچەکانی ئەودیو و کەناری رۆژهەڵاتی فورات و باشووری رۆژهەڵات دادەنرێت، ئەوان بە رووبەری 55 کیلۆمەتر دەستیان بەسەر شارۆچکەی تەنەف دا گرتووە، کە بیانووەکەیان بنبڕکردنی داعشە، لە کاتێکدا راست ناکەن و ئامانجی سەرەکی ئەوان دەستگرتن بوو بەسەر ئەو ناوچانەدا."
گوتیشی: "جێگەی داخە کە ئەمریکا توانیویەتی کورد رابکێشێتە نێو یارییەکەی خۆی لە سووریا، ئەمریکییەکان ئێستا دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە کە کورد وەکو نیمچە دەوڵەتێکی دەبینن بۆخۆیان، نابێت کورد هێندە ساویلکە بن و یارییان پێبکرێت، چونکە داهاتوویان هەمیشە لە چوارچێوەی یەکگرتوویی سووریا دا دەبێت، نابێت پشت بە ئەمریکییەکان ببەستن کە رزگاریان بکات، بەڵکو دەبێت لەگەڵ حکومەتی سووریا دا بەرەو دانوستاندن بڕۆن، دەبێت لەسەر ئەو مافانە رێکبکەون کە شایەنی خۆیانە وەک کەمینەیەکی نیشتمانی لەو وڵاتەدا."
سێرگی لاڤرۆڤ دەشڵێت: "ئەو ناوچانەی ئەمریکای تێدا جێگیرە، ژمارەیەکی زۆر لە کێڵگەی نەوت و گازی تێدایە، ئەوە جگە لە سامانە کشتوکاڵییە بەناوبانگەکانی. ئەمریکا لەو ناوچانە تەنیا خەریکی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانە نەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات، "پێشتر گفتوگۆمان لەگەڵ کورد هەبوو، بەڵام ئەمریکییەکان پووچەڵیان کردەوه، ئەوان کوردەکانیان بەوجۆرە رازی کرد کە گوایە رووبەڕووبوونەوەی حکومەتی سووریا باشترین بژاردەیە بۆ ئەوان."
سێرگی لاڤرۆڤ، چارەنووسی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە ئەفغانستان دەچووێنێت: "ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ کورد، چارەنووسی سەرکردایەتی ئەفغانستانیشیان بیردەخەینەوە، کە ئەوانیش ئەوکات لەجیاتی ئەوەی پشت بە دیالۆگی نیشتمانی ببەستن؛ پشتیان بە ئەمریکا بەست و بێهیوای کردن، بۆیە هیوادارم هاوبەشە کوردەکانمان ئەزموون لە مێژوو وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ سەر رێچکەی دیالۆگی نیشتمانیی، ئەویش بە مانەوەیان لەنێو دەوڵەتی یەکگرتووی سووریا دەبێت."
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە بە گوتەی واشنتن، هەوڵی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن.