بۆ یەکەمجار لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە پارتێکی راستڕۆی تووندئاژۆ هەڵبژاردنی هەرێمێکی ئەڵمانیا دەباتەوە

01-09-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەکانی ساکسنی و تورینگن لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. ئەنجامە بەراییەکان پێشانی دەدەن، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە زۆرینەی دەنگەکانی لە هەرێمی تورینگن و دووەم زۆرترین دەنگیشی لە هەرێمی ساکسنی بەدەستهێناوە. 
 
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەرێمی تورینگن، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە پارتێکی راسترۆی تووندئاژۆی دژەکۆچبەرە 30.5٪ی دەنگەکان، پارتی کریستیان دیموکراتی میانڕۆ 24.5٪ی دەنگەکان، هاوپەیمانیەتی سارا ڤاگنکنیشت کە هاوپەیمانییەکی چەپڕۆی نەتەوە پەرستە 16٪ـی دەنگەکان و ئەوانی دیکەش 29٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. 
 
پەرلەمانی هەرێمی تورینگن 90 کورسیی هەیە و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمەکەش پێویستی بە 46 کورسییە. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتە راستڕۆ و دژەکۆچبەرەکە 32 کورسی دەباتەوە و بۆ پێکهێنانی حکومەتیش بە هاوپەیمانیەتی پێویستی بە کۆکردنەوەی 14 کورسیی دیکەیە. 
 
ئەمە جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 1945 و جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمێکی ئەڵمانیادا پارتێکی راستڕۆی تووندئاژۆ زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. 
 
ئەنجامە بەراییەکانی هەرێمی ساکسنی پێشانی دەدەن کە پارتی کریستیان دیموکرات 31.5٪، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 30٪، هاوپەیمانیەتی سارا ڤاگنکنیشت 12٪ـی دەنگەکان و ئەوانی دیکەش 26.5٪ی دەنگەکان دەبەنەوە. 
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، کارستن لینمان، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کریستیان رەتیکردەوە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پێکبهێنن: "دەنگدەرانمان دەزانن کە هیچ هاوپەیمانییەک لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پێکناهێنین."
 
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو دوو هەرێمەی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە بڕیارە ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت. دوایین راپرسییەکانی ئەو وڵاتەش پێشانی دەدەن کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیاد دەکات. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاووڵاتییانی ئەڵمانیا گوڵ لە شوێنی رووداوەکە دادەنێن. وێنە: Ronny Hamann- AFP

پۆلیسی ئەڵمانیا: هێرشکارەکەی بازاڕی کریسمس لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی ناڕازیبووە

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەو کەسەی شەوی رابردوو بە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕێکی کریسمس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە 5 کەسی کوشت و زیاتر لە 200ـی دیکەی بریندارکرد، لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی سعودیە ناڕازیبووە.