وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: هیچ وادەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دیاری نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی هاوبەشی هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ سەردانی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەن و روونکردنەوەی تایبەت بە گەڕانەوە بە ئاوارەکان دەدەن. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، هیچ کاتێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دیاری نەکراوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ (یەکشەممە 01-09-2024) لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە کەمپی ئاوارەکان لە دهۆک و هەولێر و لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان روونکردنەوەیان پێ دەدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، لیژنە هاوبەشەکە بۆ ئاوارەکانی روون دەکاتەوە ئەگەر بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بە چەند شێوەیەک یارمەتی دەدرێن.
عەلی عەباس گوتیشی، لیژنەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئاوارەکان دەتوانن بژارەی دیکەش هەڵبژێرن، وەک مانەوە لەو پارێزگایەی ئێستا تێیدا نیشتەجێن لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگایەکی دیکە.
عەلی عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کاتێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دیاری نەکراوە و هەنگاوێکی لەو جۆرە دەکەوێتە سەر ئامادەکارییەکان و زەوینەسازی بۆ گەڕانەوەیان.
لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارەکان نەماوە. لە هەولێر و دهۆک 22 کەمپی ئاوارەکان ماون؛ 18 لە دهۆک و 4ـەکەی دیکە لە هەولێرن.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 21 هەزار خێزان هەن، کە 18 هەزاریان لە کەمپەکانی دهۆک و نزیکەی 3 هەزاری دیکەیان لە کەمپەکانی هەولێرن.