لەدوای مردنی پریگۆژین رووسەکان بیر لە داهاتووی ڤاگنەر دەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رووسەکان بە چەپکە گوڵ و بە دڵێکی خەمبارەوە سەردانی گۆڕی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی پێشووی گرووپی ڤاگنەر دەکەن، کە لە گۆڕستانێکی تایبەت لە رۆژئاوای شاری سانت پیتەرسبێرگ، کە شاری لەدایکبوونیشی بوو، بەخاک سپێردرا. ئەوان خەمبارن بە لەدەستدانی ئەو پیاوەی ببووە سیمبولی جووڵە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا و وڵاتانی ئەفریقا.
 
ئیگوال، هاووڵاتیی رووسی دەڵێت، "پێموایە ئەو بەرگریکاری وڵاتەکەمان بوو. ناکرێت شتی دیکە بێت. ئەگەر سەرۆکەکەمان مەدالیا ببەخشێت، ئەوا دەیبەخشییە ئەو، لەپێناو ئەوەی بەرگریی لە وڵاتەکەمان کرد، ئەو پارێزەرمان بوو."
 
دێنس، هاووڵاتیی رووسی ئاماژە بەوە دەکات، "پریگۆژین، پیاوێکی تایبەت بوو، کەسێکی باش بوو، بەڵام کۆمپانیاکەی ڤاگنەر، لەدوای مردنەکەی هەڵناوەشێتەوە."
 
لە 23ی حوزەیرانی 2023 گرووپی ڤاگنەر بە سەرکردایەتیی پریگۆژین یاخیبوونێکی یەک رۆژەیان دژی سەرکردایەتیی رووسیا راگەیاند. دواتر بۆ ماوەی چەند کاژێرێک شاری رۆستۆڤی باشووری رووسیایان کۆنترۆڵ کرد.
 
ئێستا لە پاش مردنی سەرکردەکەیان، داهاتووی ڤاگنەر بووەتە یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی رووسیا. ڤاسالی ڤلاسۆڤ، ئەندامی پەرلەمانی رووسیا دەڵێت، "پێموایە ئەگەر کەسێکیش بیەوێت، نابێت ڤاگنەر نەمێنێت، دەبێت رێگەیەک بدۆزینەوە بۆئەوەی بەردەوام بن. ئێمە بەردەوام هاوبەشمان لە جیهاندا هەیە، بەڵام بەڕاستی بڵێین، ئەوانە هەمووی دووژمنن."
 
رۆژی 23ی ئابی 2023، پریگۆژین لەگەڵ دوو جێگرەکەی و چوار لە پاسەوانەکانی لەنێو ئەو 10 کەسەدا بوون، کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەی فڕۆکەیەکی تایبەت لە باکووری شاری مۆسکۆ، گیانیان لەدەستدا.