راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی موسڵمانانی ئۆیگوور کاردانەوەی تووندی چینی لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەم جار، نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت، چین دەستدرێژیی سێکسی، ئەشکەنجەدان و تاوانی دژی مرۆڤایەتیی بەرامبەر موسڵمانانی ئۆیگوور کردووە، بەڵام باسی لەوە نەکردووە کە چین جینۆسایدی کردبێت. 
 
راپۆرتەکە کاردانەوەی تووندی نێردەی چین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی لە جنێڤ لێکەوتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممەش، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەتووندی وەڵامی راپۆرتەکەی دایەوە. 
 
ئەمانەی خوارەوە پێنج لەو خاڵانەن کە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان دەکات، لەگەڵ وەڵامی چین.
 
رەشبگیری
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە پارێزگای شینجیانگ "دەستگیرکردنی بەرفراوانی بەکۆمەڵی هەڕەمەکی" کراوە، پارێزگایەک کە تێیدا گومانلێکراوانی "تیرۆر" بێ هەبوونی پرۆسەیەکی گونجاو و بۆ ماوەیەکی درێژی نادیار، لەژێر چاودێریی چڕدا لە کەمپەکاندا، یان ئەو شوێنانەی چین پێیان دەڵێت "ناوەندی راهێنان" دەهێڵدرێنەوە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت: هەر شتێک، لە هەبوونی منداڵی زۆرەوە بگرە، تاوەکو دەگاتە بەکارهێنانی سەرپۆش یان هێشتنەوەی ریش، یان بەکارنەهێنانی پاسپۆرت، دەتوانێت وا لە حکومەتی چین بکات خەڵک بە "تووندڕۆ" دابنێت و دەستگیریان بکات. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەستگیرکراون، تەنانەت بێ ئەوەی ئەندامانی خێزانیشیان ئاگادار بکرێنەوە.
 
چین تۆمەتەکانی رەشبگیری و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی رەتکردوونەتەوە و بە "درۆ" ناوی بردوون. پەکین جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پێناسەی "روون و دیاریکراو"ی بۆ تیرۆر و تووندڕەوی هەیە "کە جێبەجێکردنی رەشبگیری رەتدەکەنەوە". 
 

ئەشکەنجەدان
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەڵگەی "باوەڕپێکراو"ی لەبارەی ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیی سێکسی لە بەندیخانەکانی شینجیاندا دەستکەوتووە.
 
بەندکراوانی پێشوو کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، باسیان لەوە کردووە لە لایەن پۆلیسی چینییەوە، بە کورسییەکانەوە بەستراونەتەوە و لێیاندراوە، هەروەها ناچارکراون هەندێ دەرمان وەربگرن و بکەونە ژێر تاقیکردنەوەی پزیشکی بێ ئەوەی بزانن ئامانجیان چییە، ئەوە جگە لەوەی کە دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر و بە شێوەیەکی "دەستدرێژیکارانە" پشکنینی تایبەت بە کۆئەندامی زاوزێیان بۆ کراوە.
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "نکۆڵیکردنی تەواوەتیی حکومەت لەو بانگەشانە، هەروەها هێرشی رەگەزپەرستانە و سووکایەتیکردنی حکومەت دژی ئەوانەی دێنە پێشەوە ئەزموونەکەیان باس دەکەن، وایکردووە شکۆشکێنی و نەهامەتیی رزگاربووان زیاتر بێت."
 
چین دەڵێت، ناوەندەکانی راهێنان "گەرەنتیی تەواوی پێشێل نەکردنی شکۆی راهێنراوان دەدەن و هەر سووکایەتی و مامەڵەیەکی خراپیش بەرامبەریان بە هەر شێوازێک بێت، قەدەخە دەکەن."
 
پەکین بە ئاشکرا سەرکۆنەی ئەو ژنانەی کردووە کە باسیان لەوە کردووە لە نێو کەمپەکاندا دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر. 
 
نەزۆککردن و لەباربردنی زۆرەملێ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەگەڵ ژمارەیەک ژن قسەی کردووە کە گوتوویانە "ناچارکراون منداڵەکانیان لەبارببەن یان منداڵدانیان ببەستنەوە" بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو قسانە "بڕواپێکراون". 
 
بە ئاماژەکردن بە دابەزینی رێژەی منداڵبوون لە شنجیانگ لە دوای ساڵی 2017ـەوە، هەروەها بە ئاماژەکردن بە بڕیارەکانی پەکین کە هەبوونی ژمارەی زۆری منداڵ لە خێزانەکاندا بە "تووندڕۆیی ئایینییەوە" دەبەستێتەوە، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ئاماژەی بڕواپێکراو هەن لەسەر پێشێلكردنی مافەکانی منداڵ خستنەوە لە رێگەی سیاسەتی زۆرەملێی رێگریکردن لە منداڵبوونەوە."
 
چین تۆمەتەکانی نەزۆککردنی زۆرەملێ رەتدەکاتەوە و بە "زانیاریی هەڵە" ناویان دەبات، دەشڵێت خەڵکی شینجیانگ بە ویستی خۆیان دەیانەوێت درەنگتر ژیانی هاوژینی پێکبێنن و کەمتر منداڵیان هەبێت، ئەوەش بە گوتەی خۆی، بەهۆی باشبوونی پەروەردە و دۆخی ژیانیانەوەیە. 
 
زەوتکردنی ئازادیی ئایینی
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، چین پێناسەی زۆر فراوان و لاستیکی بۆ دەستەواژەی "تووندڕۆیی" هەیە، کە ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی "چێژوەرگرتن لە چالاکییە کولتووری و ئایینییەکان بە تاوان دابنرێت". 
 
باڵاپۆشی و چالاکییەکانی وەکو ناونانی منداڵان بە ناوی موسڵمانان، وەکو "تووندڕۆیی ئایینی" سەیر دەکرێن "کە دەکرێت لێکەوتەی جیددی بۆ ئەو کەسانە هەبێت."
 
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئاماژەی بە هەواڵی "زۆر نیگەرانکەر"ی رووخاندنی مزگەوت و گۆڕستانەکانی شینجیانگ کردووە. 
 
چین پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەموو "چالاکییە ئایینییەکان" لە شینجیانگ بە یاسا پارێزراون، ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەت چەندین مزگەوتی نۆژەنکردووەتەوە. 
 
کارکردنی زۆرەملێ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا دەشڵێت، پرۆگرامەکانی کارکردن لە شینجیانگ "زۆرەملێییان" تێدایە، کە ئەو تۆمەتانە ماوەیەکی درێژە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە ئاراستەی چین دەکرێن بەوەی کە لەو ناوچەیە بە زۆرەملێ کار بە خەڵک دەکرێت.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو راگەیێندراوانەی حکومەت کە باس لە گواستنەوەی خەڵک لە ناوەندەکانی کارکردنەوە بۆ کارگەکان دەکەن، ژمارەیەک پرسیار دروستدەکەن لەسەر ئەوەی کە "تا چ راددەیەک ئەو پرۆگرامانە ئارەزوومەندانەن".
 
چین دەڵێت، "راهێنراوەکان" لە ناوەندەکانی کارکردن "دەتوانن ئازادانە پیشەی خۆیان هەڵبژێرن" و دەرچووەکانیش "مووچەیان هەیە و ژیانێکی خۆشگوزەران بەڕێدەکەن."