سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پرسی سووریا و ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کرد، لە کاتێکدا کە ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات وڵاتانی رۆژئاوا رازیبکات دەستبەرداری کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە بن. 
 
ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە دژی رێککەوتنەکە بووە، رێککەوتنێک کە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ ئەمریکای لێ کشاندەوە و سزای تووندی بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە.  
 
هاوکات لەگەڵ گەیشتنی گفتوگۆکان بە قۆناخی کۆتایی، ئیسرائیل دەستی بە هەڵمەتێکی گوشارکردن کردووە بۆ ئەوەی هاوپەیمانەکانی لەو رێککەوتنە دووربخاتەوە. 
 
هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، وەزیری بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی ئیسرائیل سەردانی واشنتیان کرد و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووشدا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد بگاتە پایتەختی ئەمریکا.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: لاپید و بایدن "بە درێژی قسەیان لەسەر گفتوگۆکانی رێککەوتنی ئەتۆمی و هەوڵە جیاجیاکانی وەستاندنی گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کرد."
 
ستایشکردنی هێرشەکانی ئەمریکا لە نێو سووریا بۆ سەر "گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران"
 
هەردوولا هەروەها باسیان لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد، لە نێویاندا، وەکو راگەیێندراوەکە ناوی دەنێت، "چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئێران لە نێو و دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
لە راگەیێندراوە ئیسرائیلییەکەدا هاتووە: "لەم بارەیەوە، سەرۆکوەزیران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا لە سووریا، دەستخۆشی لە سەرۆک [بایدن] کرد."
 
هەفتەی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا بە تۆپ و فڕۆکە، ژمارەیەک هێرشیان لە سنووری رۆژئاوای کوردستان و سووریادا ئەنجامدا، کە بوونە هۆی کوژرانی چوار چەکدار. 
 
بایدن رایگەیاندبوو کە ئامانج لە هێرشەکان "رێگریکردنە لە ئێران و میلیشیاکانی پشتیوانیکراوی ئێران تاوەکو نەتوانن هێرشی زیاتر دژی هێز و بنکە ئەمریکییەکان ئەنجامبدەن یان پشتیوانی بکەن."
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی چوارشەممەدا، جۆ بایدن "جەختی لە پابەندبوونی بەهێزی خۆی بە ئاسایشی ئیسرائیل و پاراستنی تواناکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دووژمن یان هەڕەشەیەک کردەوە."
 
هەفتەی رابردوو، لاپید بە رۆژنامەڤانانی گوت کە پلانی ئێستای نوێکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، "رێککەوتنێکی خراپە" و "ساڵانە 100 ملیار دۆلار بە ئێران دەدات" کە بە گوتەی خۆی، تاران بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی حەماس، حیزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامی بەکاریدێنێت. 
 
تاوتوێکردنی ناکۆکیی ئیسرائیل و لوبنان لەسەر سنوورە ئاوییەکان
 
راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی دەڵێت، بایدن و لاپید باسیان لە گفتوگۆکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و لوبنان لەسەر سنوورەکان کرد. تێیدا هاتووە: "سەرۆک جەختی لە گرنگی بەجێگەیاندنی دانوستاندنەکان لە چەند هەفتەی داهاتوو لەسەر سنوورە ئاوییەکان لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا کردەوە."
 
لوبنان و ئیسرائیل کە سنوورەکانیان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاسەوانی دەکرێن، هیچ پەیوەندیێکی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکدی نییە.
 
لە ساڵی 2020، دانوستاندنەکانیان لە بارەی سنوور دەستپێکردنەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە بەیرووت رایگەیاند پێویستە ئەو نەخشەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاردەهێنرێت دەستکاریبکرێت، دانوستاندنەکان چەقیان بەست.
 
لوبنان سەرەتا داوای کرد 860 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە سنوورە ناکۆکی لەسەرەکەی پێ بدرێت، بەڵام دواتر داوای هەزار و 430ی دیکەش کرد، لە نێویاندا، چەند بەشێکی وێستگەی گازی "کاریش Karish " کە لە نێو دەریادایە. 
 
ئیسرائیل دەڵێت، وێستگەی دەرهێنانی نەوتەکە لە سنوورە ئاوییەکانی خۆیدایە و بەشێک نییە لەو سنوورە ناکۆکی لەسەرانەی کە ئێستا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.