WFP: ئەڵمانیا بە بڕی 2 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی پەنابەرانی عێراقی و ئەفغانی دەکات

01-09-2021
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڕی دوو ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن و 360 هەزار دۆلاری ئەمریکی، هاوکاریی دارایی پێشکێشی پەنابەرە ئەفغانی و عێراقییەکانی نێو ئێران دەکات.
 
بەرنامەی خۆراکی جیهانی، ناسراو بە WFP، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پارەیە بە شێوەی کاش و پێداویستیی خۆراکی دەدرێتە دەیان هەزار پەنابەری دانیشتووی 20 کەمپ لە ئێران.
 
رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری زیاتربوونی پەنابەری ئەفغانی لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا بۆ ئێران.
 
لە راگەیێندراوێکدا رێکخراوەکە باسی لەوە کردووە، ئەو هاوکارییەی ئەڵمانیا رێگەیان پێدەدات هاوکاریی بەپەلە و پێویست پێشکێشی ئەو پەنابەرانە بکات و دەشڵێت، "سوپاسگوزاری حکومەت و گەلی ئەڵمانیاین بۆ ئەو هاوکارییانەی کە لە ساڵی 2014وە پێشکێشی ئێمەیان کردووە بۆ راپەڕاندنی کارەکانمان لە ئێران".
 
نیگار کەریمی، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، "توانای وەڵامدانەوەی ئێمە و بوونمان لەنێو ئێران یارمەتیدەرە بۆئەوەی پارەی بەردەستمان بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە کاتی گونجاودا بەکاربهێندرێت بۆ هاوکاریکردنی پەنابەران، بە تایبەتی لەم کاتە ئاڵۆزەدا".
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 200 هەزار عێراقی لە ئێران دەژین و نزیکەی 48 هەزار کەس لەوان لە کامپدان و ئەوانی دیکە لە شار و شارۆچکەکان دەژین. لە هەمان کاتدا، نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتیی ئەفغانستانیش لە ئێران دەژین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە