رووسیا و رۆژئاوا لەسەر گۆڕینەوەی بەندکراوەکان رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا و رۆژئاوا رێککەوتوون بەندکراوەکانی یەکدی ئازاد بکەن و لە یەکەم هەنگاویش لەنێو خاکی تورکیا، رووسیا دوو بەندکراوی ئەمریکی ئازاد کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، حکومەتی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەریەکە لە ئیڤان گێرشکۆڤیچ، رۆژنامەڤانی ئەمریکی و پۆڵ ویلان، ئەندامی هێزی دەریایی ئەمریکا ئەمڕۆ پێجشەممە ئازاد کراون."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئازادکردنی دیلەکانی بە "دەستکەوتی دیپلۆماسی" وەسفکرد و گوتی: "سێ هاووڵاتی ئەمریکی و خاوەن گرین کارتی ئەمریکا کە بەناڕەوا لەلایەن رووسیاوە زیندانی کرابوون، لەکۆتاییدا دەگەڕێنەوە ماڵەوە".
دیمیرتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا بەندکراوەکانی بە "دوژمن" چوواند و گوتی: "دەبێت هەموو دوژمنەکانمان لە دەرەوەی رووسیا بمێننەوە و نابێت بگەڕێنەوە نێو رووسیا".
میدیای ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکات، بەگوێرەی رێککەوتنی هەردوولا، رووسیا 24 بەندکراوی ئەمریکا و رۆژئاوا ئازاد دەکات و لە بەرامبەریشدا هەشت بەندکراوی رووسی ئازاد دەکرێن.
یەکێک لەو بەندکراوە رووسییانە ڤەدیم کراسیمۆڤە کە لە ئەڵمانیا دەستگیر کراوە و بەرپرسانی ئەڵمانیا رایانگەیاندووە، ڤەدیم لە دەزگای هەواڵگریی رووسیا ئەفسەر بووە و لە ساڵی 2019 لە پارکێکی بەرلین نەیارێکی حکومەتی رووسیای کوشتووە.
دیارترین ئەو بەندکراوە رووسییانەشی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، ئیڤان گێرشکۆڤیچ، پەیامنێری رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکییە کە بە "سیخوڕی" تۆمەتبار کراوە.
لە ساڵی 2022ـەوە ئەوە یەکەمجارە ئەمریکا و رۆژئاوا بەندکراوەکانیان لەگەڵ رووسیا ئالوگۆڕ بکەن، لەو ساڵەدا رووسیا بریتنی گرینەر، یاریزانی تۆپی دەستی ئەمریکی ئازاد و ئەمریکاش ڤیکتۆر بۆوت، بازرگانی چەکی رووسی ئازاد کرد. بریتنی بەتۆمەتی هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر لە فڕۆکەخانەیەکی رووسیا دەستگیر کرابوو و ڤیکتۆریش بەتۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی دەستگیر کرابوو.