پلانداڕێژەرانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر دان بە تاوانەکانیان دا دەنێن بەو مەرجەی لەسێدارە نەدرێن

رووداو دیجیتاڵ 

خالید شێخ محەمەد، پلانداڕێژەری سەرەکی 11ی سێپتەمبەر لەگەڵ دوو لە هاوەڵانی رازی بوون دان بە تاوانەکانیان دابنێن.
 
یەکێک لە تاوانەکانیان کوشتنی 2,976 کەسە لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، بەڵام بەگوتەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، دانپێدانانەکە بە رێککەوتن بووە، بەمەش سزای لەسێدارەدانیان لەسەر هەڵدەگیرێت.
 
ئەمە نیگەرانی لای کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لێکەوتووەتەوە.
 
تێری سترادا، نوێنەری کەسوکاری قوربانیانی 11ی سێپتەمبەر دەڵێت: "زۆر بێهیوابووم کە رێککەوتنی دانپێدانان لەگەڵ خالید شێخ محەممەد لە گوانتانامۆ کراوە. بەتایبەتی لەسەروبەندی دەرکەوتنی زانیاری کە دوو کەسی دیکە لەگەڵ ئەو بەشێک بوونە لە تۆڕی رفاندنی فڕۆکەکان."
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو خالید شێخ محەمەد لەگەڵ وەلید بن عەتاش و مستەفا حەوساوی پرۆسەی داننان بە تاوانەکانیان لە گوانتانامۆ بەڕێوەبچێت.
 
لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆی داخرانی چەندین کەیسی یاسایی تۆمەتبارانی گرتووخانەی گوانتانامۆ کە زیاتر لە 15 ساڵە لەنێو سیاسەتڤانانی ئەمریکی و رێکخراوە مرۆییەکان ناکۆکی لەسەرە.
 
دی جەی فانس، بەربژێری ترەمپ بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "جۆ بایدن و کامالا هاریس وەزارەتی دادیان وەکو چەکێک بۆ راوەدوونانی نەیارە سیاسییەکانیان بەکارهێناوە،  بەڵام لەولاشەوە رێککەوتنێک جوان لەگەڵ تیرۆرستانی 11ی سێپتەمبەر دەکەن."
 
رێککەوتنەکە دوای 16 ساڵ لە کردنەوەی پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارەکان دێت، دوای زیاتر 20 ساڵیش لە رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر دێت کاتێک چەکدارانی قاعیدە لەنێو ئەمریکا بە چوار فرۆکەی رفێندراو هێرشیانکردە هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک و باڵەخانەی پێنتاگۆن کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 3000 کەس و کرانەوەی دەرگا بەسەر ژمارەیەک شەڕو پێکدادان لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.