ئەمریکا داوای دانانی قایمقام بۆ شنگال دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، واشنتن داوای لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە قایمقامێک بۆ شنگال دابنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال "قبووڵکراو نییە."
 
رۆژی سێشەممە 01-08-2023 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمریکا بە تەواوی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق کە لەلایەن داعشەوە وێرانکران."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، پێویستە بە زووترین کات کار بۆ دانانی قایمقامێک بۆ شنگال بکرێت.
 
9ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتننامەی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژۆ کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشی زۆری رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
ماتیو میلەر پێیوایە واژۆکردنی رێککەوتنەکە "هەنگاوێکی گرنگ و بنیاتنەرانە بوو؛ جێبەجێنەکردنی و چەقبەستوویی سیاسیی درێژمەودا لەسەر رێککەوتنەکە قبووڵکراو نییە."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بایەخی زۆری بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی هەیە.
 
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە و وەڵامەکانی ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: ئەمڕۆ لە بەغدا یادی نۆ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان کرایەوە. دەیڤد بەرگەر، جێگری سەرۆکی کۆمیسیاری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەوێ ئامادەبوو و رایگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی و  کۆمەڵگەی مەدەنی. وەک دەزانن چەندین ساڵە رێککەوتنی شنگال جێبەجێنەکراوە؛ هەروەها هەزاران ئێزدی لە کامپە کاتییەکان و لە دۆخێکی خراپدا دەژین. ئەو پابەندییە چییە کە ئەمریکا بۆ ئێزدییەکانی هەیە و روانینی ئەمریکا بۆ دۆخی ئێستای شنگال چییە؟ 
 
ماتیو میلەر: ئەمریکا بە تەواوەتی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق کە لەلایەن داعشەوە وێرانکران. ئێمە لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین و پاڵپشتیشی دەکەین، ئەوەش کاتێک هەوڵی بەدەستهێنانی دادپەروەری و لێکۆڵینەوە لە تاوانباران دەدات. ئەوەی کە پەیوەندی بە رێککەوتنی 2020ی شنگالەوە هەیە، کە پێمان وایە هەنگاوێکی گرنگ و بنیاتنەرانە بوو، جێبەجێنەکردنی و چەقبەستوویی سیاسی درێژمەودا لەسەر رێکەوتنەکە، قبووڵکراو نییە. بەرەوپێشچوونی واتادار بۆ کارپێکردنی رێککەوتنی شنگال هەنگاوێکی پێویستە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی. وەک باست کرد، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لە بەرپرسان لە بەغدا و هەولێر کردووە بە زووترین کات ئەو چەقبەستووییە سیاسییە بشکێنن، ئەویش لەرێگەی کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی شنگال و سەرکردەی ئێزدییەکان بۆ دیاریکردنی قایمقامێک لە شنگال.
 
رووداو: پرسیارێک لەبارەی دوو رۆژنامەڤانە ژنەکە ئێران. دوێنێ تاران ئەو دوو رۆژنامەڤانە ژنەی بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادان. هیچ کاردانەوەکتان بۆ ئەمە هەیە؟
 
ماتیو میلەر: ئاگادارین، لەراستیدا چاودێری ئەو کەیسانە دەکەین و چاودێری کەیسی سزادانەکانی پێشووتری رۆژنامەڤانانیشمان لە ئێران کردووە. دەمەوێت بڵێم سەرکوتکردنی بەردەوامی رۆژنامەڤانان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە تەنیا لەبەر ئەنجامدانی کاری رۆژنامەڤانی، کە زۆربەی کاتەکانیش بە تۆمەتی بێ بنەما و بێ هۆکار دەیکات، وەک پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ دەمێنێتەوە و ئەمەش شتێکە جیهان بەردەوامە لە بینینی.