ئێران هۆشداری لە جوڵەی سەربازی لە گەرووی هورمزدا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئاشتبوونەوەی ئێران لەگەڵ ناوچەی کەنداو، وەکو مەترسییەک بۆ عەرەب و کێشە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا سەیر دەکرێت، لەبەرامبەردا فڕۆکە ئەمریکییەکان بەردەوام بە ئاسمانی گەرووی هورمزدا دێن و دەڕۆن و نمایشی هێز لەبەردەم ئێراندا دەکەن.
نزیکەی 20٪ـی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. ئێران، گەورە وڵاتی ناوچەی کەنداو بە 398 چەکە دەریاییەکەی لە کەشتی، ژێر دەریایی و بەلەمی سەربازی؛ ئاسایشی ئاوی کەنداوی خستووەتە ژێر رکێفی خۆیەوە.
جەمشید چۆکسی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئیندییانای ئەمریکا دەڵێ "ئێران، هەوڵدەدات هەژموونە سیاسی، سەربازی و دیپلوماسییەکەی جارانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست بکاتەوە، ئەوەش لە دوو رێگەوە: لەلایەک لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئاشتدەبێتەوە، لەلایەکی دیکەوە هێزی خۆی پێشان دەدات."
بە نێوەندگیریی چین، تاران لەگەڵ ریاز لاپەڕەیەکی نوێیان هەڵدایەوە، بەڵام هەر تاران لەولاوە لە رێگەی سووریای هاوپەیمانی، هەژموونی خۆی لەو وڵاتە و لە لوبنان دەپارێزێت و عومانی دراوسێ ستراتیژییەکەیشی بەکاردەهێنێت بۆ ئاشتکردنەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ "لە 22 مانگی رابردوودا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و عومان دووهێندە زیادیکردووە، ئێمە چاومان لە بازرگانیی زیاترە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە."
بە ئاسمانی گەرووی هورمز، فڕۆکە ئەمریکییەکان بەردەوام دێن و دەڕۆن و نمایشی هێز لەبەردەم ئێراندا دەکەن، ئێرانیش ناوەناوە مانۆڕی سەربازی بە هێزە ئاسمانی و وشکانییەکانی دەکات و، هۆشداری دەدات لە هەر جووڵەیەکی سەربازی لە دژیدا.
جەمشید چۆکسی باس لەوە دەکات، "ئێران بەهۆی پشێوییە ناوخۆییەکانیی چەند ساڵی رابردووەوە ناسەقامگیر بووە، نزیکبوونەوەی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەش دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئەو وڵاتە تاوەکو نێوخۆی پێ بێدەنگ بکات و دەسەڵاتیشی لە دەرەوە زیاتر بکات".
بەگوتەی چۆکسی، نزیکبوونەوەی ئێران لە ناوچەکە، مەترسیی زیاتری بۆ عەرەب و کێشەی قووڵتری بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دروست کردووە.