پیاوێکی ئوسترالی بە دەستدرێژیکردنە سەر 91 منداڵ تۆمەتبار دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیس ئوسترالیا رایگەیاند، پیاوێکیان بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر 91 منداڵ دەستگیر کردووە و بەگوتەی پۆلیس تۆمەتبارەکە لە نێوەندەکانی چاودێریکردنی منداڵ کاری کردووە. 
 
رۆژی سێشەممە،1ـی ئابی 2023، پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، تۆمەتبارەکە لەنێوان ساڵانی 2007 تاوەکو 2022 لە 10 نێوەندی جیای سەرپەرشتیکردنی منداڵان دەستدرێژی کردووەتە سەر 91 منداڵ و زۆربەی منداڵەکانیش کچ بوون.
 
پۆلیسی ئوسترالی دەڵێت: "تۆمەتبارەکە هەزار و 623 تۆمەتی جیاجیای خراوەتە پاڵ، لەنێویاندا 136 تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و 110 تۆمەتی دیکەی دەستدرێژی، کە کردوویەتییە سەر منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵ." 
 
بەگوتەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە تەمەنی 45 ساڵە، 4 هەزار وێنە و ڤیدیۆی رووتی منداڵانی لەنێو مۆبایلەکەیدا هەبووە و دەتواندرێت لە دادگە دژی بەکاربهێندرێت. 
 
جەستن گەف، جێگری کۆمیسیاری پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا دەڵێت: "ئەوەی ئەو کەسە کردوویەتی لە پێشبینی هیچ کەسێکدا نەبووە؛ لەماوەی 40 ساڵی کارکردنم وەکو پۆلیس، ئەوەی یەکێکە لە تاوانە هەرە تۆقێنەرەکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان کە بینیبێتم."
 
تۆمەتبارەکە لە ئابی 2022 دەستگیرکراوە و بڕیارە لە 21ـی ئابی ئەمساڵ لە دادگەی بریسبن دادگایی بکرێت.