فرۆنتێکس: گەیشتنی کۆچبەران بۆ یەکێتیی ئەوروپا 10٪ زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) دەڵێت، گەیشتنی پەناخوازان بە یەکێتیی ئەوروپا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 10٪ زیادیکردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 31-7-2023، فرۆنتێکس رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران 132 هەزار و 370 هەوڵی چوونە نێو یەکێتیی ئەوروپا تۆمارکراون، زۆربەی هەوڵەکانیش لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە بووە.
 
لە راپۆرتەکەی فرۆنتێکسدا هاتووە، چوونی کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا زیاتر لە 33٪ زیادیکردووە و نیوە زیاتری تەواوی ئەوانەی گەیشتوونەتە ئەوروپا لە رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای نێوەڕاستەوە چوون، بەڵام گەیشتن لە رێڕەوەکانی دیکەی کۆچبەرانەوە کەمیکردووە.
 
هاوکات، پەڕینەوەی کۆچبەر لە تونسەوە بۆ ئیتاڵیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. بۆیە سەرەتای ئەم مانگە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ تونسدا رێکەوت کە رێگە لە بەڕێکەوتنی کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتەوە بۆ یەکێتیی ئەوروپا بگرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە کۆچبەرەکان زۆربەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیان.
 
یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت ژمارەی چوونی کۆچبەر بۆ ئەو کیشوەرە پێش دەنگدانی پەرلەمانی یەکێتییەکە لە 2024 کەمبکاتەوە.
 
رێکخراوانی مافی مرۆڤیش رەخنەی تووند لە یەکێتیی ئەوروپا دەگرن و باس لەوە دەکەن، سیاسەتی یەکێتییەکە بە ئاڕاستەی کۆچبەران لەگەڵ دیموکراسییەتدا یەکناگرێتەوە.