حکومەتی نایجیریا راوچی بۆ کوشتنی چەکدارانی بۆکۆحەرام دادەمەزرێنێت
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو دوێنێ راوچییەکانی نەیجیریا راوکردنی گیاندارە کێوییەکان بوو بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان. بەڵام ئێستا حکومەتی نایجێریا راسپاردوون لەمەودوا لە جیاتی گیانداری کێوی، چەکدارانی گرووپی بۆکۆ حەرامیان بۆ راو بکەن و لە بەرامبەردا پارەی خۆیان وەربگرن.
بۆکۆحەرام گرووپێکی چەکداری پەڕگیرە، لە وڵاتانی نایجێریا، چاد، نەیجەر و باکووری کامیرۆن چالاکن و تائێستا چەندین تاوانیان لە دژی کەسانی سڤیل و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتان کردووە.
پارێزگای بۆرنۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا 1000 راوچی دامەزراند بۆ شەڕی دژی بۆکۆ حەرام، مووچەی مانگانەشی بۆ بڕیونەتەوە.
باباگانا ئومارا، حاکمی پارێزگای بۆرنۆ رایگەیاند: "راوچییەکانمان بوونەتە بەشێک لە چیرۆکی سەرکەوتن بەهۆی ئەو رۆڵە چالاکەی لە چارەسەرکردنی تەحەدا ئەمنییەکان گێڕاویانە کە ئێمە لە وڵاتی خۆمان رووبەڕووی بووینەتەوە. ئەمە وایکرد ئێمە راوچی زیاتر دابمەرزرێنین یارمەتی سوپاکەمان بدات لە هەوڵە ماندوونەناسەکانیان بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی چەکداری."
راوچییەکان بە (بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژن - ئیدیۆمێکی کوردییە)، ئەمنییەتی پارێزگاکەیان دەپارێزن کە حکومەت بەتەنیا دەرەقەتی چەکدارانی بۆکۆ حەرام نەهاتووە، هاوکات پارێزگاری لە کچ و ژنەکانیشیان دەکەن کە لە ترسی بۆکۆحەرام ناوێرن کشتوکاڵ بکەن و پەرە بە زەوییەکانیان بدەن.
کچ و ژنان لە بۆرنۆ رۆڵێکی کاریگەریان لە برەودان بە کشتوکاڵی پارێزگاکەیان هەیە، ئەگەر بۆکۆحەرام وازیان لێبێنێت.
فەلماتا باکوور، کە راوچییەکی پارێزگای بۆرنۆیە دەڵێت: "ساڵی پار راکەڕاکمان بوو بۆ خۆ رزگارکردن، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا بەهۆی ئەم راوچیانە گەورەترین پەرژین بۆ خۆمان و زەوی و زارەکانمان دروستبووە."
بەگوێرەی راپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کە نیسانی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، سەدان منداڵ کە زۆربەیان کچن، رفێندراون، دەستدرێژیان کراوەتە سەر، بە زۆر بەشوودراون یاخود براونەتە ریزی گرووپە چەکدارییەکە.
لەنێوان کانوونی دووەمی 2020 و تاوەکو ئاداری 2021 لانیکەم بۆکۆحەرام پێنج جار لە باکووری نایجیریا خەڵکی رفاندووە، جیا لە تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە، هەڕەشەکانی بۆکۆحەرام بوونەتە هۆی داخرانی 600 قوتابخانە.