لە ئەوروپا خۆپیشاندان دژی هەڵگرتنی 'پاسپۆرتی سەوز' دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو دەیان فەرەنسی رژانە سەر شەقامەکانی پاریس، خۆپێشاندەران دژی هەڵگرتنی پاسپۆرتی تەندروستین کە بە پاسپۆرتی سەوز ناسراوە.
 
بەشێک لە فەرەنسییەکان پێیانوایە ناچارکردنی خەڵک بە هەڵگرتنی پاسپۆرتی تەندروستی یاخود پاسپۆرتی سەوز هەوڵێکی حکومەتە بۆ زەوتکردنی ئازادییە کەسییەکان.
 
ئەم هەفتەیە بەبێ پاسپۆرتی تەندروستی رێگە بە هیچ کەسێک نەدرا بچنە رێستورانت، باڕ، مەلەوانگە، سینەما، مۆزەخانە و دامودەزگا حکومییەکانی فەرەنسا.
 
یان مۆیکس، خۆپێشاندەری فەرەنسی دەڵێت: "ئەمە بەربەستێکی گەورەی بەردەم ئازادییە، ئەگەر ئێمە ناچار بە هەڵگرتنی پاسپۆرتی ڤایرۆس بکەن بۆ مارکێت و سینەماکان یان کەسێک بیەوێت دوای ئیشکردنێکی سەخت چێژ لە ژیان ببینێت. کرێکاران ئەمڕۆ پارەیەکی کەم وەردەگرن. ئەم پاسپۆرتە مەترسیێکی گەورەیە بۆ هەموو لایەک. بەڕاستی ئەمە دژی کۆمەڵگەیە."
 
لە میلانی ئیتاڵیاش سەدان کەس چوونە سەر شەقامەکان دژی ناچارکردنی خەڵک بە هەڵگرتنی پاسپۆرتی تەندروستی خۆپیشاندانیان کرد. 
 
لە 29ی تەممووزەوە پاسپۆرتی تەندروستی لە ئیتاڵیا کراوەتە ناچاری. لە ئێستاوە ئیتاڵیا پاسپۆرتی تەندروستی لە هاووڵاتیانی هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا، ئیسرائیل، ژاپۆن،بەریتانیا و ئەمریکا وەردەگرێت. 
 
میشێل ریپۆلی، دانیشتووی میلان دەڵێت: "پاسپۆرتی سەوز لە ئامێرێک بۆ دۆشینی خەڵک زیاتر هیچی دیکە نییە بۆ ئەوەی بە زەبر خەڵک ناچار بە وەرگرتنی ڤاکسین بکەن. خەڵکی زۆر دەناسم یەکەم قورچکی ڤاکسینیان وەرگرتووە نایانەوێ قورچکی دووەم وەربگرن، چونکە نەخۆشکەوتوون."
 
لە سەرتاسەری ئەوروپا هەڵگرتنی پاسپۆرتی تەندروستی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
پاسپۆرتی تەندروستی، یان پاسپۆرتی سەوز، بەرنامەیەکی مۆبایلە یاخود کاخەزێکی فەرمییە، بارکۆدی لەسەرە، پێمان دەڵێت هەڵگری پاسپۆرتەکە ڤاکسینی وەرگرتووە یان نا، یاخود بەرگری لە دژی کۆرۆنا پەیداکردووە یان نا.
 
وڵاتانی ئەوروپی پاسپۆرتی تەندروستی بە رێوشوێنێکی خێرای سەلامەت دەزانن بۆ رێگریکردن لەوانەی، کە کۆرۆنایان هەیە تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە.
 
لە فەرەنسا سەرووی 60٪ی خەڵک لەگەڵ پاسپۆرتی تەندروستین، 70٪ی خەڵکیش لەگەڵ ئەوەدان خەڵک خۆیان لە دژی کۆرۆنا بکوتن.
 
هەڵمەتی فراوانی کوتانی خەڵک لە ئەوروپا هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەیشتنی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بە 200 ملیۆن تووشبوو لە جیهاندا.