رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، سعودیە ئارەزوو دەکات بەم نزیکانە باڵیۆزخانەکەی لە کابولی پایتەختی وڵاتەکە بکاتەوە.
زەبیحوڵلا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، رایگەیاند: "شانشینی عەرەبیی سعودیەی دۆست ئارەزوو دەکات بەم نزیکانە باڵیۆزخانەکەی لە کابول بکاتەوە."
ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئەفغانستان کە سەرۆکی شاندی وڵاتەکەیەتی لە کۆنفڕانسی سێیەمی دەوحەی پایتەختی قەتەر کە تایبەتە بە دۆخی ئەفغانستان و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی دەکات، روونیکردەوە: "لە پەراوێزی گفتوگۆکانی نێوان نوێنەری سعودیە و بەرپرسانی ئەفغانستان گفتوگۆیان لەوباریەوە کردووە."
بە گوتەی زەبیحوڵلا موجاهید، نوێنەری سعودیە لەو کۆنفڕانسە داوایکردووە کارلێکی باش لەگەڵ ئەفغانستان هەبێت و ئەفغانستانیش سعودیە بە وڵاتێکی گرنگ و دۆست دەزانێت.
دوێنێ یەکشەممە، 30ـی حوزەیران کۆنفڕانسی سێیەمی دۆحە کە تایبەتە بە ئەفغانستان دەستیپێکرد، نوێنەری ژمارەیەک وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی بەشدارییان تێدا کردووە.
زەبیحوڵڵا لە گوتارێکدا لە کۆنفڕانسەکە گوتی پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی و ژمارەیەک وڵات دروستبووە و دەیان وڵات شاندی ئەو حکومەتەیان بینیوە و لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە، گوتیشی مانگی رابردوو کازاخستان بزووتنەوەی تاڵیبانی لە لیستی گرووپە مەترسیدارەکان دەرکردووە و چینیش بەفەرمی باڵیۆزی ئەو وڵاتەی پەسند کردووە و چاوەڕوان دەکرێت رووسیاش پێشوازی لە شاندی ئەفغانستان بکات.
گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان داواشیکرد هەموو گەمارۆ و سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێت و پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە بۆ بانکی ناوەندیی ئەفغانستان بگەڕێندرێتەوە.
دوای 20 ساڵ لە دوورخستنەوەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتە و حوکمڕانییەکەی، رۆژی 15-08-2021 چەکدارانی تاڵیبان دوایین دەروازەی سنووریی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ