دادگەی باڵای ئەمریکا: ترەمپ هەندێک پارێزبەندیی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاریدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا مافی پارێزبەندیی هەیە و ناتوانرێت دادگەیی بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ئەو بڕیارانەی لەدەرەوەی ماوەی سەرۆکایەتیدا داونی، بۆی هەیە دادگایی بکرێت و پارێزبەندی نییە.
 
ئەمەش ئەگەری زۆری هەیە دادگەییکردنی ترەمپ لەسەر تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ئەم ساڵ. 
 
بڕیارەکە رۆژی دووشەممە، بە زۆرینەی دەنگی دادوەرانی دادگەی باڵا دەرکرا، شەش دادوەر لە بەرژەوەندیی ترەمپ و سێ دادوەریش لە دژی ترەمپ دەنگیان دا.
 
دادوەر جۆن رۆبێرتس، سەرۆکی دادگەی باڵای ئەمریکا، سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەو دادگەیە، رایگەیاند ترەمپ مافی "پارێزبەندیی تەواوی" هەیە لەبارەی ئەو بڕیار و هەنگاوانەی هاویشتوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام پارێزبەندی نییە بەرامبەر بەو بڕیارانەی لەدەرەوەی ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا داونی. 
 
رۆبێرتس گوتی: "هیچ پارێزبەندی بۆ کردەوە نافەرمییەکانی نییە." 
 
دوای ئەو بڕیارەش، سەرۆکی دادگەی باڵای ئەمریکا، کەیسەکەی بۆ دادگەی فیدراڵی رەوانە کرد بۆ ئەوەی ئەو دادگەیە یەکلایی بکاتەوە، کام لە تۆمەتەکانی ترەمپ لە سەردەمی سەرۆکایەتی بوون و کامەشیان لە دوای ماوەی سەرۆکایەتی بووە. 
 
یەکێک لەو دادوەرانەی لەدژی بڕیارەکە دەنگی دا، سۆنیا ستۆمایەر بوو، ئەو دادوەرە رایگەیاند: "هیچ کاتێک لەمێژووی کۆمارەکەماندا نەبووە کە سەرۆکێک پێیوابێت مافی پارێزبەندیی هەیە بەرامبەر بە دادگەییکردنی لە ئەگەری بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ پێشێلکردنی یاسا. لەخەمی دیموکراسییەکەماندام، بۆیە من دەنگم بە نەخێر دا".
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ترەمپ و تیمی پارێزەرانی هەموو هەوڵێکیانداوە بۆ دواخستنی دادگەییکردن تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکان، کە لە 5ی نۆڤێمبەری ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت و بڕیارە ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان رووبەڕووی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان ببێتەوە.
 
لەدوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای ئەمریکا، ترەمپ بڕیارەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە بۆ دیموکراسی" ناوبرد. 
 
لە 30ی ئایاری رابردوو، دادگەیەکی نیویۆرک، ترەمپی بە تاوانبار ناساند گوایە بەرتیلی بە ئاکتەری فیلمی پۆڕن، ستۆرمی دانیاڵز داوە، بۆ بێدەنگکردنی و بە نهێنی هێشتنەوەی پەیوەندییەکانیان.
 
بەو بڕیارەش، ترەمپ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لەمێژووی ئەو وڵاتە، وەکو تاوانبار بناسرێت. بڕیاریشە لە 11ی تەممووز، دادگە جۆری سزاکە لە دژی ترەمپ رابگەیەنێت. پێدەچێت ئەوە دوا دادگەییکردنی ترەمپ بێت پێش هەڵبژاردنەکان و سێ دۆسیەی دیکە رەنگە بکەونە دوای هەڵبژاردنەکان. 
 
سێ دۆسیەی دیکەی ترەمپ پەیوەستن بە تۆمەتەکانی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020، کە ترەمپ بەرامبەر بە بایدن دۆڕاندنی، هەروەها هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، لەگەڵ تۆمەتی گواستنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی حکومەتی ئەمریکا بۆ ڤێلاکەی لە ویلایەتی فلۆریدا. 
 
ئەگەر ترەمپ  ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوا وەکو سەرۆکێک دەتوانێت سەرجەم ئەو دۆسیانەی لە دژی جوڵێندراون، دایانبخات.