میوانی دیبەیتێکی رووداو: لەوانەیە راستئاژۆ تووندئاژۆکانی فەرەنسا دۆستی کورد بن

01-07-2024
پەیمان محەممەد
دیبەیتی هێمن عەبدوڵڵا و میوانەکانی لەبارەی هەڵبژاردنی فەرەنسا
دیبەیتی هێمن عەبدوڵڵا و میوانەکانی لەبارەی هەڵبژاردنی فەرەنسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میوانێکی دیبەیتی رووداو بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەرەنسا دەڵێت، ماکرۆن ناچار بووە بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، راستئاژۆ تووندئاژۆکان هەر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان لێ دەکرد. میوانێکی دیکەی دیبەیتەکەش دەڵێت، لەوانەیە راستئاژۆ تووندئاژۆکان "دۆستی کورد بن."
 
رۆژی یەکشەممە 30-06-2024 دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا؛ هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیبەیتێکدا میوانداریی لە هەریەکە لە ئاپۆ ماردینی، کارساز؛ د. بەختیار رەئووف توێژەری پەیوەندییەکانی کوردستان و فەرەنسا و کامەران کیکان، پارێزەر کرد، کە تێیدا دۆخی سیاسی و داهاتووی فەرەنسا تاوتوێ کران.
 
هەروەک لە راپرسییەکاندا چاوەڕوان دەکرا، راستئاژۆ تووندئاژۆکان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا سەرکەوتنیان تۆمار کرد.
 
کامەران کیکان، پارێزەر دەڵێت، "ئەنجامەکان چاوەڕوانکراو بوون و لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریشدا هەر ئەو رێژە دەنگانە بەدەستهاتن، بەڵام تاوەکو ئێستاش دیار نییە هۆکاری راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆمارەوە چی بوو."
 
ئاپۆ ماردینی کارسازیش لەوبارەوە گوتی، ماکرۆن بە ناچاری بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی داوە، "چونکە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، راستئاژۆ تووندئاژۆکان هەر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان لێ دەکرد، کە دەنگێکی زیاتریان بەدەستهێنابوو."
 
بەختیار رەئووف، توێژەر لە بواری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پێیوایە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن ماکرۆنەوە، بڕیارێکی تاکلایەنە بووە، "بەپێی دەستووری فەرەنسا پێویست بوو ماکرۆن راوێژی بە سەرۆکی سینات و سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کردبووایە، دواتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دابا."
 
ئەو توێژەرەی بواری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا گوتیشی، ئەو رەخنەیەی کە لە ماکرۆن دەگیرێت، بەراوردکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانی فەرەنسایە، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پەرلەمانی ئەورووپا کراوە و نیشتمانی نییە، ماکرۆن ئەمەی خستە نێو قاڵبێکی نیشتمانییەوە لە ماوەیەکی کەمدا، لە کاتێکدا هەڵبژاردنی پەرلەمان کاتی پێویست بوو."
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، راستئاژۆ تووندئاژۆکان توانییان نزیکەی 34%ی کورسییەکان بەدەستبهێنن، بەرەی نوێی گەل کە هاوپەیمانێتییەکی چەپە بە 28% دووەمە و ئۆنسۆمبل (واتا بەیەکەوە) کە هاوپەیمانییە میانڕۆکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆمارە 20%ی هێناوە.
 
پارتە راستئاژۆ تووندئاژۆکان بە دژە کۆچبەر و دژە ئیسلام ناسروان. ئاپۆ ماردینی کە لە ساڵی 1984ەوە لە فەرەنسایە دەڵێت، "ئەو کات لە فەرەنسا رێز لە هەموو کەس دەگیرا، رێز لە پەنابەرانیش دەگیرا، بەتایبەتی پەنابەرانی سیاسی، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە."
 
ئەو کارسازە هۆکاری گۆڕانی هەڵوێستی زۆربەی فەرەنسییەکان بەرامبەر کۆچبەر و پەنابەران بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە، "زۆربەی ئەو کەسانەی دێنە فەرەنسا، بۆ ئەوە دێن کە کار نەکەن و یارمەتیی (سۆسیال) وەربگرن، بۆیە تووندڕۆکانیش زیادیان کردووە."
 
لەبارەی هۆکاری بەهێزبوونی راستئاژۆ تووندئاژۆکان بەختیار رەئووف باسی لەوە کرد، "هەموو کات فەرەنسا دژی راستئاژۆکان وەستاوەتەوە، کاتی خۆی راستڕۆکان زۆر لاواز بوون، بەڵام ئەو چەند ساڵەی دوایی، تووندوتیژیی تیرۆریستان لە فەرەنسا، کە تەقینەوەیان لە پاریس کرد، یارمەتیی مارین لوپێن، سەرۆکی بەرەی نیشتمانیی دژە کۆچبەریان دا خەڵک دژایەتی بێگانە و بەتایبەتی موسڵمانان بکەن."
 
خەمڵاندنی سەرەتایی پێشانی دەدات، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانەکەی 30ی حوزەیراندا 65.5% بووە، ئەمەش یەکەمین جارە دوای 40 ساڵ بگاتە ئەو ئاستە. کامەران کیکان دەڵێت، هۆکارە نێودەوڵەتییەکانی وەکو ئیسلامیزم، داعش، شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل کاریگەریی زۆریان لەسەر رێژەی بەشداری و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەبوو، ماکرۆنیش بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەنزینی بەسەر ئاگرەکەدا کرد."
 
لایەنگری پارتە چەپەکان و کۆچبەران لە ئەگەری دەسەڵاتداریی راستئاژۆ تووندئاژۆکان نیگەرانن. ئاپۆ ماردینی لەوبارەوە ئاماژەی بەوە دا، "ئەگەر راستئاژۆ تووندئاژۆکانیش دەسەڵاتی فەرەنسا بەدەستەوە بگرن، ناتوانن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بێننە ئاراوە."
 
ئەو کارسازە زیاتر روونی دەکاتەوە، "کەسێکـ[ـی کۆچبەر] کە خەباتکار بێت، کاری خۆی بکات و هیچ خاڵێکی خراپی لەسەر نەبێت، دەسەڵاتی راستئاژۆ تووندئاژۆکان هیچ کاریگەرییەکی لێ ناکات، بەڵام کەسێک کە کاری خۆی نەکات، هەر خراپەکار بێت، دزی بکات و دژی حکومەت و پۆلیس بوەستێتەوە، هاتنە سەر کاری راستئاژۆ تووندئاژۆکان گرفتی بۆ دروست دەکات."
 
گەڕی دووەمی هەڵبژاردن رۆژی یەکشەممە 07-07-2024 دەکرێت؛ هاوکات ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا داوای لە دەنگدەران کرد، لە گەڕی دووەمدا رێگە لە سەرکەوتنی راستئاژۆ تووندئاژۆکان بگرن.
 
"ماکرۆن دۆستی کوردە"
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە. کامەران کیکان باس لەوە دەکات، "ماکرۆن بەگشتی لە بواری سیاسی، ستراتیژی و مرۆییەوە دۆستی کوردە و هەرێمی کوردستان بە چاوی دەوڵەتێک دەبینێت، واتا زیاتر لە عێراق بایەخ بە هەرێمی کوردستان دەدات."
 
ئەو پارێزەرە دەشڵێت، "هاتنە سەر کاری راستئاژۆ تووندئاژۆکان [نەژادپەرەستەکان] بە زیانی تورک، موسڵمان و ئێرانییەکان دەبێت، بەڵام لەوانەیە دۆستی کورد بن."
 
پەیوەندیی کورد و فەرەنسا
 
وڵاتی فەرەنسا هاوپەیمانێتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لە بەرەی شەڕی دژی داعش. بەختیار رەئووف گوتی، "گرنگیدانی فەرەنسا بە کورد لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە."
 
یەکەم کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر لە سەردەمی نیکۆلا سارکۆزیادا، سەرۆککۆماری ئەوکاتی وڵاتەکە کراوەتەوە، کە کەسێکی راستی میانڕەو بوو. بە گوتەی بەختیار رەئووف، "بە تێبینیی بێرنارد کۆشنەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی وڵاتەکە، فرێدریش تیسۆ وەکو یەکەم کۆنسوڵ دیاریکراوە."
 
ئەو توێژەرە لەبارەی چۆنێتیی دانانی کۆنسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتە گوتیشی، "پەیوەندیی کورد و فەرەنسا لەسەر راستەکان هەژمار ناکرێت، بەڵکو لەسەر رۆڵی بێرنارد کۆشنەر هەژمار دەکرێت، کە هیچ کات راست نەبووە و دۆستی کوردە."
 
لەبارەی هۆکاری کردنەوەی کۆنسوڵخانەکە لە هەرێمی کوردستان، بەختیار رەئووف لە زاری فرێدریش تیسۆ ئەوەشی خستەڕوو، "بۆی باس کردم، شیراک [سەرۆککۆماری وڵاتەکە بەر لە سارکۆزیا] گوتوویەتی، کاتێک ئێمە دەورمان لە عێراق نەماوە، بۆئەوەی بچینەوە نێو وڵاتەکە، دەبێت لە کوردستان کەڵک وەربگرین. واتە، بابەتەکە تەنیا بە بەرژەوەندیی کورد نەبووە و سیاسەت هەمووی بەرژەوەندییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پرسی لادانی بایدن لە بەربژێریی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

پرسی دوورخستنەوەی بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێشتا گەرمە

بایدن لە تەمەنی 82 ساڵیدا هێشتا هەوڵدەدات بە پیاوە خاوەن زەوق و شۆق و رەوشت بەرزەکەی کۆشکی سپی ناوبنرێت؛ بەڵام دەستی جێل ـی هاوژینی دەگرێت نەوەک پێی لە یەكێک لە 5 دانە قادرمەکانی چوونە خوارەوە لە هێلیکۆپتەری سەرۆکایەتی، پێچ بخوات.