ئیتاڵیا پێشنیاز دەکات ئیلۆن مەسک و زووکەربێرگ لە کۆلۆسیۆم زۆرانبازییەکەیان بکەن

01-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئیلۆن مەسک مارک زوکەربێرگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیتاڵیا پەیوەندی بە مارک زووکەربێرگەوە کردووە بۆ ئەوەی شەڕەکەی دژی ئیلۆن مەسک لە کۆلۆسیۆم یان شانۆی دێرینی رۆما بکات. بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، مەسک و زووکەربێرگیش بیرۆکەی ئەنجامدانی زۆرانبازییەکەیان لە کۆلۆسیۆم بەدڵە. 
 
ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە بە میدیای ئەمریکیان گوتووە، وەزیری رۆشنبیریی ئیتاڵیا پەیوەندی بە زووکەربێرگەوە کردووە و پێشنیازی شوێنەکەی بۆ کردووە، کە دەکرێت ببێتە یەکێک لە دیارترین و پڕدەنگەدانەوەترین زۆرانبازییەکان لە مێژووی کۆلۆسیۆمدا. 
 
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، تیمەکەی زووکەربێرگ ئەو پەیامەیان گواستووەتەوە بۆ دەینا وایت، سەرۆکی کۆمپانیای زۆرانبازیی UFC، ئەویش پەیوەندی بە وەزیرەکەوە کردووە. 
 
ماوەی چەندین سەدەیە هیچ بۆنەیەکی گەورە لەنێو شانۆ دێرینەکەدا بەڕێوەنەچووە و تەنیا شوێنی چەند سەد تەماشەڤانێکی تێدا دەبێتەوە. 
 
ساڵی 2003، گۆرانیبێژی بەریتانی، سێر پۆڵ مەککارتنی بەمەبەستی خێرخوازی، کۆنسێرتێکی لە کۆلۆسیۆمدا پێشكێشکرد کە 400 کەس ئامادەی بوون و هەریەکەیان هەزار و 500 دۆلاری دا. هەموو بۆنەکانی دیکە لە بەردەم شوێنە مێژووییەکە بەڕێوەچوون. 
 
دیار نییە مەسک و زووکەربێرگ لەنێو یان بەردەم شانۆکە شەڕەکەیان دەکەن، بەڵام مەسک و زووکەربێرگ هەردووکیان دەڵێن، سوورن لەسەر ئەوەی ئەو زۆرانبازییە بکەن. 
 
سەرۆکی UFC پێی وایە ئەمە دەبێتە یەکێک لە "بەناوبانگترین" رووبەڕووبوونەوەکان لە مێژووی زۆرانبازیدا "چونکە تۆ هەواداری زۆرانبازی بیت یان نا، سەیریان دەکەیت،" هەروەها دەشڵێت شەڕی نێوان دوو لە دەوڵەمەندترین ملیاردێرەکانی هەسارەی زەوی "سەدان ملیۆن دۆلار بۆ مەبەستی خێرخوازی" کۆدەکاتەوە. 
 
شەڕەکە لەسەر چییە؟
 
هیچ خۆشەویستییەک لەنێوان ئیلۆن مەسک و زووکەربێرگدا نییە. 
 
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سپەیس ئێکس، تێسلا، ستارلینک، تویتەر، بۆرینگ کۆمپانی و نیورالینکە. زووکەربێرگ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتایە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام، وەتسئەپ و کۆمپانیای ئۆراکلیش لەخۆدەگرێت. 
 
تەقینەوەی مانگە دەستکردەکە
 
ئەوان لە ساڵی 2016ـەوە نێوانیان تێکچووە، دوای ئەوەی تەقینەوەی کەشتییەکی سپەیس ئێکس بووە هۆی لەنێوچوونی مانگێکی دەستکردی فەیسبووک. 
 
لە ئەیلوولی ساڵی 2016، سپەیس ئێکس مووشەکێکی فاڵکۆن 9ـی لە فلۆریدا تاقیکردەوە. مووشەکەکە تەقییەوە و ئەو مانگە دەستکردەش کە بڕیاربوو بیگەیێنێتە ئاسمان، لەنێوچوو. 
 
مانگە دەستکردەکە بەشێک بوو لە پڕۆژەی Internet.orgـی فەیسبووک، کە دەیویست لە رێگەیەوە ئینتەرنێت بۆ وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان دابینبکات و ئەوە دەبووە یەکەمین مانگی دەستکردی فەیسبووک لە خولگەی زەوی. 
 
بە روونی توڕەیی بە زووکەربێرگەوە دیاربوو و لە پۆستێکی فەیسبووکدا گوتی، "زۆر بێ هیوابووم کە گوێم لێ بوو شکستهێنانی هەڵدانی سپەیس ئێکس مانگە دەستکردەکەی ئێمەی لەنێوبرد".
 
دوو ساڵ دواتر، مەسک لە وەڵامی تویتێکدا گوتی، "ئەوە هەڵەی من بوو کە گەمژە بووم. ئێمە هەڵدانێکی بێ بەرامبەرمان بە ئەوان دا بۆ ئەوەی قەرەبووی بکەینەوە، هەروەها پێم وایە هەندێ گەرەنتیشیان هەبوو".
 
ژیریی دەستکرد
 
ساڵی 2017 زووکەربێرگ رەخنەی لە هەڵوێستی مەسک بەرامبەر ژیریی دەستکرد گرت؛ مەسک بەوە پەست بوو. 
 
لە پەخشێکی ڤیدیۆیی راستەوخۆی فەیسبووکدا، تەماشەڤانێک پرسیاری لە زووکەربێرگ کرد کە تێڕوانینی بۆ ئەو نیگەرانییە چییە کە مەسک لە بارەی ژیریی دەستکرد هەیەتی. زووکەربێرگ گوتی "بۆچوونی تووندم لەسەر ئەمە هەیە. زۆر گەشبینم بە ژیری دەستکرد. ئەو خەڵکەشی دژایەتی دەکەن و دەهۆڵی سیناریۆی کۆتاییهاتنی جیهان لێدەدەن، من لێیان تێناگەم. شتێکی زۆر نەرێنی دەکەن، بە جۆرێک لە جۆرەکان، پێم وایە ئەوە شتێکی نابەرپرسانەشە".
 
مەسک بەردەوام داوای رێکخستنی ژیری دەستکرد دەکات بۆ ئەوەی خراپ بەکارنەهێنرێت، لە تویتێکدا وەڵامی زووکەربێرگی دایەوە و نووسی، "لەسەر ئەمە قسەم لەگەڵ مارک کردووە. تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەم بابەتە سنووردارە."
 
ئابڕووچوونەکەی فەیسبووک و سڕینەوەی ئەپەکە لە لایەن مەسکەوە 
 
لە دەیەی رابردوودا زانیاریی ملیۆنان بەکارهێنەری فەیسبووک، بێ رەزامەندیی خۆیان، لە لایەن کۆمپانیای بەریتانیی کامبریج ئەنالیتیکا کۆکرابووەوە و بۆ مەبەستی ریکلامی سیاسی بەکارهێنرابوو. ئەوەش بووە ئابڕووچوونێکی گەورە بۆ فەیسبووک. 
 
برایان ئەکتن، دامەزرێنەری هاوبەشی وەتسئەپ تویتێکی کرد و رایگەیاند، "کاتی سڕینەوەی فەیسبووکە." مەسک وەڵامی دایەوە "فەیسبووک چییە؟" هەوادارێکی مەسک وەڵامی دایەوە و لێی پرسی ئایا پەیجی سپەیس ئێکسی لە فەیسبووک سڕیوەتەوە؟ مەسک لە وەڵامدا گوتی: "هەستم نەکردووە هەیبێت. بەڵام دەیسڕمەوە".
 
دواتر هەوادارێکی دیکە ئاماژەی بەوە کرد تێسلاش پەیجێکی فەیسبووکی هەیە. مەسک لە تویتێکدا گوتی: "هەر چۆنێک بێت، خوارووخێچ دیارە".
 
ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، پەیجەکانی سپەیس ئێکس و تێسلا لە فەیسبووک دیارنەمان. مەسک گوتی، ئەوە "بڕیارێکی سیاسی نییە و ئەمەم لەبەر ئەوە نەکردووە کە کەسێک گرەوی لەگەڵدا کردووم. تەنیا ئەوەیە حەزم لە فەیسبووک نییە و قێزم لێی دەبێتەوە. بەداخەوە".
 
مەسک لە ساڵی 2020 بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەر فەیسبووک. 
 
لە وەڵامی تویتێکی ساشا بارۆن کۆهن، ئەکتەری بەریتانی، کە داوای لە فەیسبووک کردبوو کۆتوبەند و یاساکانی تووند بکات، مەسک داوای لە خەڵک کرد، ئەپەکە بسڕنەوە. 
 
مەسک گاڵتە بە فەیسبووک دەکات
 
لە کاتی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە لایەن لایەنگرەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەوە، ئیلۆن مەسک ژمارەیەک وێنەی گاڵتەئامێزی بڵاوکردەوە کە پشێوییەکانی بە فەیسبووک دەبەستەوە. 
 
ئەو ئێوارەیەی گرژییەکە لە واشنتن دروستبوو، مەسک وێنەیەکی پوولەکانی دۆمینەی تویتکرد و هاوپێچ لەگەڵیدا نووسیبووی، "ئەمە وەک بەربوونەوەی پوولەکانی دۆمینەیە،" کە پوولی یەکەم لەسەری نووسرابوو "ماڵپەڕێک بۆ هەڵسەنگاندنی ژنانی نێو زانکۆ"، وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتای دەستبەکاربوونی فەیسبووک لە زانکۆی هارڤارد. کۆتا پوولیش، لەسەری نووسرابوو "ئاژاوەگێڕەکان". 
 
مەسک هەروەها رەخنەی لە بڵاوکردنەوە و هەڵگرتنی زانیارییە تاکەکەسییەکانی بەکارهێنەران گرت. لە تویتێکدا وێنەیەکی گاڵتە ئامێزی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات فەیسبووک سیخوڕی بەسەر بەکارهێنەرەکانییەوە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی وەتسئەپ رایگەیاند، بەکارهێنەرەکانی ناچاردەکات زانیارییە کەسییەکانیان لەگەڵ سەکۆکە هاوبەش بکەن. 
 
مەسک دواتر بە تویتێک  داوایکرد خەڵک ئەپڵیکەیشنی سیگناڵ بەکاربێنن. 
 
مەسک رەخنە لە دەسەڵاتی بەرفراوانی زووکەربێرگ بەسەر مێتاوە دەگرێت
 
ساڵی رابردوو، لە کۆنفرانسێکدا لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا رەخنەی لە کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیای مێتا لەلایەن زووکەربێرگەوە گرت و بە پاشایەتی چوواند. 
 
لە کۆنفرانسەکەدا پرسیار لە ئیلۆن مەسک کرا، ئایا ئەو وەکو دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی نێو تویتەر، دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێ ئەگەر تویتەر بکڕێت؟ مەسک پرسیارەکەی بە دەرفەت بینی بۆ ئەوەی هێرشبکاتە سەر رکابەرەکەی و ئاماژەی بەوە کرد، زووکەربێرگ خاوەنداریێتیی بەشی هەرە زۆری پشکەکانی مێتا دەکات و گوتیشی، "لە تویتەر ئەو شتەمان نابێت".
 
مەسک دەبێتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر و گرژییەکان زیاتر دەبن
 
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا مێتا دەستی بە کارکردن کرد لەسەر دروستکردنی ئەپێک بۆ رکابەرایەتیکردنی تویتەر. کۆمپانیاکە لە ئاداری ئەمساڵ پشتڕاستیکردەوە کە ئەپە نوێیەکەیان کە ئێستا پڕۆژەی 92ـی پێ دەگوترێت، تایبەت دەبێت بە بڵاوکردنەوەی نووسین. 
 
سەرەتای مانگی رابردووش، کریس کۆکس، بەڕێوەبەری بەرهەمەکانی مێتا گاڵتەی بە شێوازی بەڕێوەبردنی تویتەر لە لایەن مەسکەوە کرد و گوتی، ئەپە نوێیەکەیان "سەکۆیەک دەبێت کە ژیرانە بەڕێوەدەبردرێت".
 
مەسک پێی ناخۆشە مێتا رکابەری تویتەر دروستبکات
 
مەسک چەندین جار بە تەنزەوە باسی لە پڕۆژەکەی زووکەربێرگ کردووە کە دەیەوێت تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی نووسین دروستبکات.
 
مەسک 21ـی مانگی رابردوو لە توویتێکدا نووسی، "دڵنیام جیهان ناتوانێت ئارام بگرێت تا ئەو کاتەی بە تەواوی دەکەوێتە ژێر دەستی زووکەربێرگ و هیچ بژاردەیەکی دیکە نامێنێت".
 
زوکەربێرگ ستایشێکی دەگمەنی مەسک دەکات
 
ئەم مانگە، لە پۆدکاستێکدا، زووکەربێرگ ستاییشی پلانەکانی مەسکی کرد بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندەکانی تویتەر و گوتی، "پێم وایە ئەوانە گۆڕانکاریی باش بوون".
 
کاتێک مەسک تویتەری کڕی، نیوەی کارمەندەکانی لەکارلادان. دوای ئەو، زووکەربێرگیش هەمان رێکاری لە مێتادا جێبەجێکرد.
 
لە پاشەملە باسی یەکدی دەکەن
 
ژمارەیەک سەرچاوە باسی ئەوەیان بۆ میدیای ئەمریکی کردووە کە مەسک و زووکەربێرگ لە پاشملە باسی یەکدیان کردووە. گوایە زووکەربێرگ ئیرەیی بە مەسک دەبات، چونکە لە مێژەوە هەوڵیداوە ئەو ستایش و پێگەیە بەدەستبێنێت کە مەسک لە ئینتەرنێت هەیەتی و بووەتە پێشەنگێکی بواری تەکنەلۆجیا. مەسکیش گوایە بە سەرکەوتنی سەرەتایی فەیسبووک نائاسوودە بووە. 
 
هەردوو ملیاردێرەکە رازی دەبن ناکۆکییەکانیان لە شەڕی قەفەزدا یەکلابکەنەوە
 
هەفتەی رابردوو، مەسک رایگەیاند، "ئامادەیە بۆ شەڕی نێو قەفەز" دژی زووکەربێرگ.  ئەو بیرۆکەیەی مەسک دوای ئەوە هات کە یەکێک لە هەوادارەکانی پێی گوت دەبێت لەمەودوا ئاگادار بێت، چونکە زووکەربێرگ فێری هونەری شەڕکردنی جووجیتسوو بووە، کە لە بنەڕەتدا جۆرێکی زۆرانبازیی بەرازیلییە. 
 
روون نییە ئایا مەسک رژد بوو لە بیرۆکەکەی یان بە گاڵتەوە وای گوتووە، بەڵام 21ـی ئەم مانگە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر ئەمە بەراستی بێت، دەیکەم،" بەڵام لە هەمان کاتدا بە تەنزەوە باسی لە دەستوپێسپیی خۆی لە شەڕکردندا کرد. 
 
هەرچی زووکەربێرگە، وا دیارە بیرۆکەکەی بە جیدی وەرگرتووە. دوای ئەوەی کە مەسک بە تویتێک رایگەیاند، ئامادەیە لە قەفەزدا شەڕی لەگەڵدا بکات، زووکەربێرگ سکرینشۆتی تویتەکەی لە ئینستگرام دانا و لەسەری نووسی، "شوێنەکەم بۆ بنێرە،" کە ئەمە ئەو رستە باوەیە کە خەبیب نۆرماگۆمێدۆڤ، زۆرانبازی چیچانی زۆر بەکاری دێنێت بۆ وەڵامدانەوەی رکابەرەکانی. 
 
دواتر گوتەبێژێکی کۆمپانیای مێتا بە میدیاکانی گوت، زووکەربێرگ گاڵتە ناکات و سوورە. دیار نییە ئایا لە کۆتاییدا مەسک و زووکەربێرگ رووبەڕوو دەست لە یەکدی دەوەشێنن یان نا، بەڵام هەندێ کەس هەر لە ئێستاوە دەستیانکردووە بە گرەوکردن لەسەر شەڕەکە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاجەر لەلایەن پۆلیسی ئەمستردامەوە خەڵات دەکرێت.

لە هۆڵەندا بێ ماڵێک 2,000 یۆرۆی بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە و لە ژیانی سەر شەقامەکان رزگاریبوو

ئێستا هاجەر لە ئەمستردام لە شوقەی کرێدا دەژیت؛ کرێی خانوو یانیش شوقەیەکی ئاسایی لە ئەمستردام لە نێوان 600 بۆ هەزار و 200 یۆرۆدایە. بەو پارەیەی بۆی کۆکراوەتەوە، هاجەر دەتوانێت کرێی نزیکەی سێ ساڵی بدات.