لە کینیا لە رووداوێکی هاتووچۆدا لانیکەم 48 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کینیا رایگەیاند بارهەڵگرێک لە رۆژئاوای وڵاتەکە لە کۆنترۆڵی شۆفێرەکە دەرچووە و خۆی کێشاوە بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی دیکەدا، رووداوەکە بووەتە هۆی ئەوەی لانیکەم 48 کەس گیان لەدەستبدەن و 30 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 1ـی تەممووزی 2023، چیۆفری مەیێک، فەرماندەی پۆلیسی نێوخۆیی کینیا، بە میدیاکانی راگەیاند، رووداوەکە لە رێگەی نێوان شارۆچکەی کێریکۆ و ناکوورو لە رۆژئاوای وڵاتەکە روویداوە، گوتیشی "تائێستا، دەتوانین ئەوەی پشتڕاست بکەینەوە؛ 48 کەس گیانیان لەدەستداوە و گومان دەکەین کە دوو یاخود سێ کەسی دیکە هێشتا لەژێر ئۆتۆمبێلەکاندا بەجێمابن".
چیۆفری، ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانە کرد، کە لە رووداوەکەدا بریندار بوون و رایگەیاند، 30 کەس لە رووداوەکەدا بە سەختی بریندار بوون، "لەوانەیە ژمارەی قوربانییەکان بەرزببێتەوە".
پۆلیس باسی لە چۆنیێتی رووداوەکە کرد و رایگەیاند "بارهەڵگرەکە کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە هەشت ئۆتۆمبێل، دواتر لە ماتۆرسکیل و چەند پیادەیەکی داوە."
بەگوتەی شایتحاڵانی رووداوەکە، "بارهەڵگرەکە بەخێراییەکی زۆر رۆیشتووە و هەوڵیداوە لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دووربکەوێتەوە، بەڵام نەیتوانیوە ئەوە بکات و خۆی پێیاندا کێشاوە".
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گواستنەوە و سەلامەتیی کینیا، ساڵی رابردوو لە کینیا 21 هەزار و 760 هەزار کەس تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و بەو هۆیەوە 4 هەزار و 690 کەس گیانیان لەدەستداوە.