یەکێتیی ئەوروپا سووتاندنی قورئانی پیرۆز و هەڵکوتانە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان سەرکۆنە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە لایەن هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک عێراقییەوە لە سوێد رەتدەکاتەوە؛ سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش لە بەغدا دەکات.
رۆژی شەممە، 1-7-2023 نەبیلە مەسرالی، گوتەبێژی کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، "یەکێتیی ئەوروپا، هاوشێوەی وەزارەتی دەرەوەی سوێد، بە تووندترین شێوە سووتاندنی قورئانێک لە لایەن هاووڵاتییەکەوە لە سوێد رەتدەکاتەوە. ئەو کارە بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی بیروبۆچوونی یەکێتیی ئەوروپا نییە".
گوتەبێژەکەی کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، سووتاندنی قورئانی پیرۆز "کارێکی رەتکراوەیە، بێ رێزییە و دنەدەرانەیە. پیشاندانی هەر شتێک کە رەنگدانەوەی رەگەزپەرستی، رق لە کەسانی دیکە و یەکدی قبووڵنەکردن بێت لە نێو ئەوروپادا جێگەی نابێتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بێگومان ئەگەر کارێکی لەو جۆرە لە رۆژی جەژنی قورباندا بکرێت، ئەوە زیاتر رەتکراوەیە و شیاوی ئەوەیە تووندتر سەرکۆنە بکرێت و دەشڵێت، "یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتی لە ئازادی ئاین و ئازادی رادەربڕین دەکات، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە".
نەبیلە مەسرالی دەڵێت، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە "تێگەیشتنی هاوبەشمان هەبێت و رێز لە یەکدی بگرین" و رێگە نەدەین دۆخەکە گرژی تێبکەوێت.
راگەیێندراوەکە دوای ئەوە هات، رۆژی 28ی ئەم مانگە کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
ئەو کارە کاردانەوەی تووندی لەسەر ئاستی لایەنی فەرمی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی جەماوەریش بەدوادا هات. رۆژانی پێنجشەممە و هەینی خۆپیشاندان لە بەغدا لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوێد بەڕێوەچوو؛ تەنانەت رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک خۆپێشاندەر چوونە نێو حەوشەی باڵیۆزخانەکەوە.
نەبیلە مەسرالی سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش دەکات و دەڵێت، "یەکێتیی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی بەغدا دەکات و داوای دانبەخۆداگرتن و هێوربوونەوە دەکات. ئێمە هێرشکردنە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان سەرکۆنە دەکەین".